لەبارەی كوژرانی مامۆستایەكی ئاینی ئاسایشی ھەولێر راگەیاندراوێك بڵاودەكاتەوە

K24 – ھەولێر

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر راگەیاندراوێك لەبارەی كوژرانی مامۆستایەكی ئاینی بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت: "بە ئامانج کردنی د.وشیار کردەوەیەکی تێکدەرانەو نەخوازراوە و ئامانج لێی تێکدانی ئارامی و سەقامگیری  پایتەختە".

لە راگەیاندراوەكەی ئاسایشی ھەولێر ھاتووە: " شەوی  22_ 23/11/2016، لە گەڕەکی بەھار ,تەقە لە ( د.وشیار ئیسماعیل) پێش نوێژ و وتارخوێن لە مزگەوتی عومەر بندیان کرا، لە ماڵی خۆیدا.بریندار کراو پاشان لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای ھەولێر گیانی لە دەستدا. ناوبراو زانایەکی ئاینی و کەسایەتیەکی ناسراوی شاری ھەولێر بوو".

ئەوەش خراوەتەڕوو: "بەرێوبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر لەگەڵ دام و دەزگا پەیوەندی دارەکانی تر زۆر بە ووردی لێکۆڵینەوەیان لەم رووداوە دەست پێکردوە .لە داھاتوشدا ھەموولایەک لە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاگادار ئەکەینەوە".