پارتی كوشتنی مامۆستایەكی ئاینی بە ھەوڵێك بۆ تێكدانی ئارامی ھەولێر دەزانێت

مەكتەبی سیاسی پارتی راگەیاندراوێك لەبارەی كوشتنی مامۆستایەكی ئاینی بڵادەكاتەوە

K24 - ھەولێر

لە راگەیاندراوێكدا مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی كوژرانی مامۆستایەكی ئاینی لە شاری ھەولێر رایدەگەیەنێت: "سەقامگیریی پایتەخت بەم کارە چەپەڵ و ترسنۆکانە نالەرزێ و ئەنجامدەرانیشی جگە لە رووڕەشی و بەسزاگەیشتن، ھیچی دیکە ناچننەوە".

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "شەھیدکردنی مامۆستا وشیار، کە لە ناوەندی ئایینی و سیاسیی ھەولێر و کوردستاندا، بە میانڕەوی و نیشتمانپەروەری ناسرابوو، تاوانێکی چەپەڵ و تیرۆرێکی دڵڕەشانەیە بەمەبەستی تێکدانی کەشی ئارام و ئەمینی ھەولێر و، نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و پشێوی و تۆقاندنی دەنگە میانڕەو و نیشتمانپەروەرەکانە".

ھەروەھا لە راگەیاندراوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی ھاتووە: "لەکاتێکدا ھاوخەمیی قووڵی خۆمان لەگەڵ برایانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و خانەوادە و کەسوکار و خزمانی شەھیدی مەغدور رادەگەیەنین و خۆمان بە خاوەنی پرسە و شەریکی خەمیان دەزانین، بەتوندی ئەو کردەوە چەپەڵە ئیدانە و ریسوا و شەرمەزار دەکەین و داوامان لە دەزگا پەیوەندارەکانە و دڵنیایشین کە ھەموو ھەوڵ و تەقەلایەک دەخەنەگەڕ بۆ ھەرچی زووتر دۆزینەوەی تاوانبارانی تیرۆرکار و بەسزاگەیاندنیان".

 

دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

"ھەواڵی دڵتەزێنی شەھیدکردنی مامۆستای ئایینی و کەسایەتیی دیاری شاری ھەولێر، دکتۆر وشیار ئیسماعیل، لە ناخەوە خەمبار و نیگەرانی کردین.

شەھیدکردنی مامۆستا وشیار، کە لە ناوەندی ئایینی و سیاسیی ھەولێر و کوردستاندا، بە میانڕەوی و نیشتمانپەروەری ناسرابوو، تاوانێکی چەپەڵ و تیرۆرێکی دڵڕەشانەیە بەمەبەستی تێکدانی کەشی ئارام و ئەمینی ھەولێر و، نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و پشێوی و تۆقاندنی دەنگە میانڕەو و نیشتمانپەروەرەکانە.

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەکاتێکدا ھاوخەمیی قووڵی خۆمان لەگەڵ برایانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و خانەوادە و کەسوکار و خزمانی شەھیدی مەغدور رادەگەیەنین و خۆمان بە خاوەنی پرسە و شەریکی خەمیان دەزانین، بەتوندی ئەو کردەوە چەپەڵە ئیدانە و ریسوا و شەرمەزار دەکەین و داوامان لە دەزگا پەیوەندارەکانە و دڵنیایشین کە ھەموو ھەوڵ و تەقەلایەک دەخەنەگەڕ بۆ ھەرچی زووتر دۆزینەوەی تاوانبارانی تیرۆرکار و بەسزاگەیاندنیان.

سەقامگیریی پایتەخت بەم کارە چەپەڵ و ترسنۆکانە نالەرزێ و ئەنجامدەرانیشی جگە لە رووڕەشی و بەسزاگەیشتن، ھیچی دیکە ناچننەوە.

ھەزار سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھید دکتۆر وشیار و سەبوری و ئارامی بۆ ھەموو لایەک.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان"