بۆ یەکەمجار نوێنەرایەتی کوردستان لە ئەنقەرە دەکرێتەوە
K24 - ھەولێر
لە گەشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرە سەرەتا دیدارێکی یەک کاتژمێری لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بن ئالی یڵدرم ئەنجام دا.
لەکۆبونەوەكەدا پرسی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ، دوا رەوشی تەلەعفەر، پرسی پەکەکە لەچیای شنگال، یەکینە سەربازییەکانی تورکیا لە بەعشیقە و پەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغدا و سیاسەتی وزەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری تورکیا باسیان لێوەكراوە.
بە گوێرەی زانیارییەكان لەکۆبونەوەكەدا ھەردوو لایەن کۆک بوونە کە لەسەرەتای ساڵی 2017 ، نوێنەرایەتی دیبلۆماسی ھەرێمی کوردستان لەئەنقەرە بکرێتەوە.
لەساڵی 1996 بەو لاوە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش لەئەنقەرە نوێنەرایەتیان ھەیە. بەڵام ئەوجارەیان بۆ یەکەم جار نوێنەرایەتی کوردستان دەکرێتەوە.
دوای کۆبونەوەکە نێچیرڤان بارزانی 45 خولەک لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلوش کۆبوەوە، پاشان نێچیرڤان بارزانی لە رێگەی فڕۆکەخانەی ئەسەن بۆغاوە رووی لە ئیستەنبۆڵ کرد و بڕیار وایە لەگەڵ سەرۆک کۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغانیشدا کۆببێتەوە.