حكوومەتی هەرێم تیرۆركردنی د. هۆشیار ئیدانە دەكات

كاردانه‌وه‌كانى تيرۆركرانى مامۆستايى ئاينى د. هۆشيار ئيسماعيل به‌رده‌وامن

K24 – هه‌ولێر:

كاردانه‌وه‌كانى تيرۆركرانى مامۆستايى ئاينى د. هۆشيار ئيسماعيل به‌رده‌وامن و له‌ په‌يامێكدا حكومه‌تى هه‌رێم رايگه‌ياند، دەزگا پەیوەندیدارەكان راسپێردراون بەزووترین كات تاوانباران دەستگیر بكەن و رادەستی یاسایان بكەن.

له‌ په‌يامه‌كه‌ى حكومه‌تدا هاتووه‌:  حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەم تاوانە بە كارێكی ترسنۆكانە دەزانێت كە مەبەست لێی درزخستنە نێو كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستانە.

دەقی پەیامەكە

تیرۆركردنی د. هۆشیار ئیسماعیل كەسایەتیی ئاینیی و وتارخوێنی مزگەوتی عومەر بندیان لە شاری هەولێر ئیدانە دەكەین كە شەوی ڕابردوو لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە لە ماڵەكەیدا بریندار كرا و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا. حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەم تاوانە بە كارێكی ترسنۆكانە دەزانێت كە مەبەست لێی درزخستنە نێو كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستانە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدا سەرەخۆشی لە خۆی و كەس و كاری د. هۆشیار ئیسماعیل و هاوڕێ و هاوەڵانی دەكات، هەروەها داوا لە یەزدانی مەزن دەكات سەبر و ئارامی بە كەسوكاری ببەخشێت. حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەكانی ڕاسپاردووە بە زووترین كات تاوانبارانی ئەو كارە قێزەونە بدۆزنەوە و ڕادەستی یاسایان بكات تاكو بە سزای یاسایی خۆیان بگەن. 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان

23-11-2016