فازڵ میرانی: دکتۆر هۆشیار هیچ زیانێکی بۆ کەس نەبووە

K24 - هه‌ولێر:

فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانیکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24 لەبارەی پەیامەکەی سەرۆك بارزانییەوە رایگەیاند کە ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە زۆربەی لایەنەکانی بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازیان لە پەیامەکە کردووە.

هەروەها گوتیشی: "ئەوان وەکو پارتی ئامادەن لەگەڵ هەموو حزب و لایەنێک دابنیشن بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان".

لەمیانەی بەشداریکردن لە مەراسیمی پرسەی د. هۆشیار ئیسماعیل، گوتارخوێن و بانگخوازی شاری هەولێر، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند کە پێویستە لایەنە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جیدی بدەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە و گوتیشی: "دکتۆر هۆشیار هیچ زیانێکی بۆ کەس نەبووە و کەسێکی بەتوانا و بوێر بووە".