حكومه‌تی هه‌رێم ژماره‌ی ئاواره‌كانی موسڵ ئاشكرا ده‌كات
74% ئاواره‌كانی موسڵ هاتوونه‌ته كوردستان
K24 – هه‌ولێر
ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان رایگه‌یاند له سەره‌تاى دەستپێكردنى ئۆپەراسیۆنى رزگاركردنى شارى موسڵ له لایه‌ن هێزەكانى پێشمەرگه و سوپاى عێراق له رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می رابردوو 68 هه‌زار كه‌س ئاوارە بوونه و لەو ژمارەیەش 74% كه دەكاته 52 هەزار كەس (10 هه‌زار خێزان) هاتوونەته هەرێمى كوردستان و له كه‌مپەكانى خازر، حسن شام و دیبگه له هەولێر و كەمپەكانى زێلكان و نەرگزلى له دهۆك نیشتەجێ كراون.
به‌پێی راگه‌یاندراوێك كه له ماڵپه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاو كراوه‌ته‌وه تا ئێستا چوار كەمپ بۆ ئاواره‌كان له هه‌رێمی كوردستان تەواو كراون و هه‌شت كەمپى دیكه‌ش له ژێر دروست كردندان، به ته‌واوبوونی ئه‌و كه‌مپانه ده‌توانرێ پێشوازی له نزیكه‌ی 43 هه‌زار خێزان (244 هه‌زار كه‌س) بكرێت.
راشیگه‌یاندووه "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به هاناوه چوونی ئاواره‌كان، مانگانه پێویستی به 962 ملیۆن دینار هه‌یه، له كاتێكدا ئێستا هیچ هاوكارییه‌كى دارایى راسته‌وخۆ پێشكه‌ش به حكومه‌تى هه‌رێم نه‌كراوه".
ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان هۆشداری ئه‌وه‌شی ده‌دات "ژماره‌یه‌كى زۆری دانیشتوانی ناوچه ئازادكراوه‌كان به‌هۆى نه‌بوونى ئاو و خۆراك و ده‌رمان و سووته‌مه‌نى له ره‌وشێكى زۆر خراپدان، ئه‌گه‌ر وه‌ك پێویست و خێرا هاوكارى نه‌كرێن، ناچار ده‌بن ناوچه‌كانیان جێ بهێڵن و روو بكه‌نه هه‌رێمى كوردستان".
به‌پێی ئاماری حكومه‌تی هه‌رێم، له سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی گه‌یاره له 14 مانگی ئاداری رابردوو تا ئه‌مڕۆ زیاتر له 91 هه‌زار ئاواره هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان و شه‌پۆڵی هاتنیشیان به‌رده‌وامه، به‌تایبه‌تی له‌ناو موسل، گه‌یاره، شڕگات، حه‌ویجه و قه‌راج.