باڵیۆزی پێشووی سعودییە لە بەغدا: کورد رۆڵێکی گرنگی لە عێراق ھەیە
"مالیکی عێراقی وێرانکرد و دژی کورد وەستایەوە"
K24 - ھەولێر
سامر سەبھان لە ھەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کەناڵێكی کەنداو دەڵێت، مالیکی و کەسەکانی دەوربەری عێراقیان وێرانکردو شیعە و سوننەی لەناوبرد و ھەوڵیدا دژی کورد راوەستێ.
سەبھان کە ئێستا وەزیری دەوڵەتە بۆ کاروباری عەرەبی دەڵێت، داعش بە چەند ئۆتۆمبێلێک 70% خاکی عێراقی داگیرکرد و سوپایەکی گەورە و خاوەن چەکێکی پێشکەوتوو پاشەکشەی کرد، دەبێ بزانرێ بە فەرمانی کێ ئەو ھەموو چەک و سەرمایە و خاکە بە داعش درا.
باڵیۆزی پێشووی سعودییە لە بەغدا ئاماژە دەکات کە مالیکی ھۆکاری زۆربەی کێشەکانی عێراقە و دەڵێ، مالیکی سوننەی دژی سوننە، شیعەی دژی شیعە بەکارھێنا و ھەوڵیدا کورد لە دژی کورد بەکاربھێنێت، ھەروھا مالیکی دژی ھەر نزیکبوونەوەیەکی عێراقی و عەرەبییە.
سامر سەبھان لەبارەی کوردەوە گۆتی، کورد رۆڵێکی گرنگی لە عێراق ھەیە و پەیوەندییەکی بەھێز لەنێوانماندا ھەیە.