دوو پەنابەری کورد لە یۆنان گیانیان لە دەستدا

رووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە كەمپێكی پەنابەران روویداوە

K24 – ھەولێر

لە رووداوێكی ئاگركەوتنەوەدا لە كەمپێكی پەنابەران لە وڵاتی یۆنان دوو پەنابەری كورد گیانیان لە دەستدا.

لە کەمپی پەنابەرانی دوورگەی میتیلنی وڵاتی یۆنان، رووداوێکی لە رووێكی ئاگر كەوتنەوەدا دوو پەنابەری خەڵكی باشووری كوردستان گیانیان لە دەستدا.

بە گوێرەی زانیارییەكان یەكێك لە خێوەتێکەكان كە ئاگری گرتووە ھی خێزانێکی خەڵکی سلێمانی بووە، لە چوار کەس پێکھاتبوو، بەوھۆیەوە کوڕە گەورەی خێزانەکە بە ناوی نەبەز ئەبوبەكر، گیانی لەدەستداو دایکی و ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەیان برینداربوون و لە ئیستادا گواستراونەتەوە بۆ  نەخۆشخانەی ئەسینا.

ھەروەھا خیوەتی دووەم كە سووتاوە ھی خێزانێكی خەڵکی شاری ھەڵەبجە بووە، ژنێکی تەمەن 66 ساڵ بەناوی فاتیمە لەژێر خێمەکە سووتاوە و گیانی لەدەستداوە.

لەبارەی ھێنانەوەی تەرمی ئەو پەنابەران بۆ كوردستان ئاری جەلال سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی پەنابەران رایگەیاند: "راستەوخۆ لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە یۆنان و ئەنجوومەنی وەزیران قسەمان کردووە تەنھا پێویست بە ئیجرائاتی یاسایی دەکات بۆ گەڕانەوەی تەرمەکان و ئێمە لەو بارەیەوە کاری پێویستمان بۆ ئەنجامداوە، ئێمە ئامادەین بۆ ھەموو ھاوکارییەکی پەنابەران، وەک چۆن لە رابردوودا ھاوکارو پشتیوانیان بووین".