ئه‌ميندارى يه‌كگرتوو داواى به‌ده‌مه‌وه‌چوونى په‌يامه‌كه‌ى بارزانى ده‌كات

تيرۆرى دكتۆر هۆشيار بكه‌نه‌ وێستگه‌ى ئاشتبوونه‌وه‌ى نيشتمانى

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌ميندارى گشتيى يه‌كگرتووى ئيسلامى، سه‌لاحه‌دين به‌هائه‌دين، له‌ په‌يامێكدا كه‌ به‌ بۆنه‌ى كۆتايهاتنى مه‌راسيمى پرسه‌ى دكتۆر هۆشيار ئيسماعيل، ئاراسته‌ى كردووه‌، داوايكردووه‌، لايه‌نه‌كان كۆتايى به‌ گرژى نێوانيان بهێنن و تيرۆرى دكتۆر هۆشيار بكه‌نه‌ وێستگه‌ى ئاشتبوونه‌وه‌ى نيشتمانى و به‌ده‌م په‌يامه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعود بارزانييه‌وه‌ بچن.

له‌ په‌يامه‌كه‌دا هاتووه‌: وێستگەكە و رووداوەكە دەخوازێ دەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەكان زۆر پەلە بكەن لە دۆزینەوەی بكەرانی ئەم تاوانە گڵاوە و دڵی دۆستان شەهید خۆش بكەن و رێگە بە دڵە راوكێ و گومان نەدەن و پەردە لەسەر ئەم تاوانە هەڵماڵن.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: با ئەم رووداوە بكەینە خاڵێكی وەرچەرخان بۆ پەلەكردن بۆ بەرەو پێشەوە بردنی پرۆژەی رێكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامخوازان كە شەهید یەكێك بوو لە پشتیوان و هەڵگرانی ئەم پرۆژەیەو بەمەش روحی بەوە شاد تر ئەبێت.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى په‌يامه‌كه‌دا، سه‌لاحه‌دين به‌هادين رايگه‌ياندووه‌، ئەم یەكهەڵوێستیەی هەمووان ئەتوانێ ببێتە سەكۆی لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان و راماڵینی ئەوگرژی و ناكۆكیەی كە باڵی كێشاوە بەسەر دۆخە سیاسیەكەی هەرێم دا و دەرگای گفتوگۆی داخستووە و گشت دەزگا و دامەزراوە شەرعیەكانی هەرێمی پەكخستووە و هەموولایەكی دەستەوسان كردووە لە ئاستی چارەسەردا ..

ئه‌ميندارى گشتيى يه‌كگرتووه‌ ئه‌وه‌شى نووسيوه‌: مادام گشتمان دژ بەم تاوانە تیرۆریستیە وەستاوین دەتوانین خوێنی بە ناهەق رژاوی ئەو پیاوە زانا و ئەكادیمی و دڵسۆزە بكەینە هەوێنی ئاشتبوونەوەیەكی نیشتمانی گشتی هەروەك یەكهەڵوێستی لەبەرانبەر داعشەكانەوە دیمەنێكی جوان و شیاوە.

له‌ كۆتايى په‌يامه‌كه‌شيدا سه‌لاحه‌دين به‌هادين داوايكردووه‌، هه‌موو لايه‌نه‌كان به‌ده‌م په‌يام و ده‌ستپێشخه‌رييه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان مه‌سعوود بارزانييه‌وه‌ بچن.

له‌و باره‌يه‌وه‌ نووسيويه‌تى: تەحەدیات و هەرەشەكانی سەر ئەزمونە سیاسی و فەرمانرەواییەكەمان و ناهەمواری حاڵی قەیرانەكانی ناوخۆ ئەخوازێ لە هەلێك بگەرێین بۆ یەكریزی و یەك هەڵوێستی .. ئەو دەست پێش خەریەی لە ئارادایە با بە وەڵامی كرداری پێشوازی گەرمی لێ بكەین و تیرۆری ئەم پیاوە مەزنە بكەینە هۆكار و پاساوی بریارێكی بێ مەرجی سەركردانە بۆ چارەسەری قەیرانەكە. بەرژەوەندی گشتی ئەزمون و گەل و نیشتیمانەكەمان دەخوازێ هەموولایەكەمان لە هەندێ داوا و خواستەكانی خۆمان دابەزینە خوارەوە.