یاسای حەشدی شەعبی کێشە لە پەیوەندییە سەربازییەکانی ئەمریکا و عێراق دروست دەکات
"ئەمریكا بەشێك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی بە تیرۆریست دەزانێ"
K24 - ھەولێر
رۆژنامەیەكی ئەمریكی رایدەگەیەنێت، تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی کێشە لە پەیوەندییە سەربازییەکان لەگەڵ ئەمریکا دروست دەکات.
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکا بڵاویکردەوە، تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی ھۆکارێک دەبێت، بۆ ئاڵۆزی دروستکردن لە پەیوەندییە سەربازییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا و رۆژئاوا بەتایبەتی.
رۆژنامەکە بڵاویکردوەتەوە، حەشدی شەعبی چەند گروپێکی تائیفین و بەشێکییان لەلایەن ئەمریکاوە بە تیرۆریست لەقەڵەم دەدرێن وەک، کەتائیبی حیزبوڵڵا کە سەربە ئێرانن، ھەروەھا عەسائیب ئەھلولحەق، کە دەستییان ھەبووە لە کوشتنی سەدان ئەمریکی.
واشنتن پۆست پێیوایە، پێویست دەکات حکوومەتی عێراق پێداچوونەوە بکات بە گرووپانەی یاساکە دەیانگرێتەوە، ئەگینا کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکان دروست دەکات، چونکە یاسای لێکۆڵینەوە دەکات لەو لایەنانەی چەکی بۆ دەچێت.
لە دانیشتنی رۆژی 26 ئەم مانگەدا پەرلەمانی عێراق یاسای دەستەی حەشدی شەعبی پەسندكرد، بە گوێرەی پڕۆژە یاساكە حەشدی شەعبی سەر بە فەرماندەیی ھێزە چەكدارەكانی عێراق دەبێت، ھەروەھا چەكدارانی حەشد ھاوشێوەی سەربازەكانی عێراق سودمەند دەبن لە مافی و ئیمتیازە سەربازییەكان.