بەفر و باران دەست پێدەكات
K24 – ھەولێر
بەڕێوەبەری كەشناسی ھەرێمی كوردستان زانیاری لەبارەی پێشبینییەكانی شەپۆلی باران و بەفربارین لە ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو.
لە لێدوانێكی تایبەت بە كوردستان24، فازڵ ئیبراھیم بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "پێشبینی دەكرێت لە ئێوارەی ئەمڕۆوە بارانبارین لەسەرجەم ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان دەست پێبكات، كاریگەرییەكانی ئەم شەپۆلەی بارانبارین تا رۆژی ھەینی بەردەوام بێت و چاوەڕوان دەكرێت رۆژی شەممە شەپۆلەكە كاریگەری لەسەر ھەرێمی كوردستان نەمێنێ".
گوتیشی: "جگە لەبارانبارین پێشبینی دەكرێت لەناوچە شاخاوییەكان بەفرببارێت".
ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد: "بارانبارین لە ئەمساڵدا دوومانگ دواكەوتووە، پێشبینی دەكرێت لەماوەی دوو رۆژی داھاتوو لە ھەندێك ناوچە زیاتر لە 50 ملیم باران ببارێت، سەرەڕایی دواكەوتنی لەوادەی خۆیی، بەڵام سوودی بۆ كەرتی كشتوكاڵ دەبێت".