لاڤرۆڤ: پرسی سووریا له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه په‌كخراوه كه داوای رۆیشتنی ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، گفتوگۆكان بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سووریا، له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه په‌كخراوه، كه داوای رۆیشتنی به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا ده‌كه‌ن و مه‌رجی پێشوه‌خته داده‌نێن.
لاڤرۆڤ جه‌ختیشی له‌وه‌كرده‌وه، رووسیا، ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكادا بكات له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر.
لاڤرۆڤ، ئه‌مڕۆ 2ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2016، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوتا ئیتاڵییه‌كه‌ی، پاولۆ جێنتیلۆنی، گوتی: "له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا، گفتوگۆیان له باره‌ی بڕیاری ژماره 2254ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كردووه، كه جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سووریا ده‌كاته‌وه به‌بێ دانانی مه‌رجی پێشوه‌خته".
لاڤرۆڤ گوتیشی: "به‌داخه‌وه، ماوه‌ی شه‌ش مانگه گفتوگۆكان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی قه‌یرانی سووریا، له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه په‌كخراوه، كه مه‌رجی پێشوه‌خته داده‌نێن و بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی پێشێل ده‌كه‌ن، وه‌كو داواكردن بۆ رۆیشتنی ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌ش كارێكی ره‌تكراوه‌یه و هیچ لایه‌نێك ئه‌و رێككه‌وتنه قه‌بوڵ ناكات".
لاڤرۆڤ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی "سوپای حه‌له‌ب"ی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی چه‌كداری سووریا، به هه‌وڵێك بۆ دووباره ناونانه‌وه "به‌ره‌ی نوسره‌ی پێشوو و فه‌تحولشام"ی ئێستا وه‌سفكرد، كه له‌لیستی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كاندایه.
هه‌روه‌ها گوتی: "به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئێمه، هه‌موو هێزه چه‌كداره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی حه‌له‌ب، سه‌ر به‌ره‌ی نوسره‌ن".