حكوومەتی ھەرێم راگەیاندراوێك لەبارەی مووچەی فەرمانبەران بڵاودەكاتەوە

K24 - ھەولێر

لە راگەیاندراوێكدا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵانەی عێراق رایدەگەیەنێت، پەسندكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق لەلایەن حكوومەتی عێراق، بەبێ حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێچەوانەی بنەماكانی فیدرالییە.

لە بەشێكی ئەو راگەیاندراوەدا ھاتووە: "شایستەی داراییی مووچەخۆران کە مافێکی دەستووری و یاساییی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام ھەر ھەوڵو پڕۆژەیەک لەمڕووەوە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و دیراسەی وردی شارەزایان ھەیە لەسەر بنەمای داتا و ژمارە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشووی دانوستان و گفتوگۆ و رێکەوتنامەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، بەراوردکردنێکی زانستییانە بە ژمارە لەنێوان بژاردەکان، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کرداری جێبەجێ بکرێت، چونکە ناکرێت ھەرێمی کوردستان بخرێتە ژێر باری پابەندبوونێکی یاسایییەوە و لە کۆتاییدا لە بری قازانج بە زیانی خەڵکی ھەرێم بشکێتەوە".

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان راشیدەگەیەنێت: "دەبێت پەرلەمانتارەکان زانیاریی راست و دروستیان لەبەردەست بێت سەبارەت بە ژمارەی مووچەخۆران لە ھەرێمی کوردستان و بڕی بودجەی پێویست بۆ دابینکردنی تەواوی ئەو مووچانە و بەراوردکردنی لەگەڵ خشتەکانی ھاوپێچی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدرال".

دەقی راگەیاندراوی حكوممەتی ھەرێمی كوردستان

حکوومەتی عیراقی فیدرال ساڵانە بەبێ بەشداریپێکردن و ڕاوێژکردن لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی، پڕۆژە یاسای بودجەی فیدرالی ئامادە دەکات و لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی دەکات، دواتر ڕەوانەی پەرلەمانی فیدرالی دەکرێت، ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی فیدرالی، بەتایبەتیش ھەردوو بنەمای بەشداری لە دەسەڵات و داھات بۆ بەرژەوەندیی تەواوی گەلانی عیراق ھەروەک بە ڕوون و ئاشکرا لە ماددەکانی دەستووری عیراقی فیدرالدا چەسپێنراوە.

لە کاتێکدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵ و چالاکی و ماندووبوون و خەمخۆریی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عیراق بەرز دەنرخێنێت بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەرێم و چاککردنی بار و گوزەرانی خەڵک و فشارکردن لە حکوومەتی فیدرالی بۆ ھەرچی زووتر خەرجکردنی شایستە دارایییە یاساییەکانی ھەرێمی کوردستان،‌ بەتایبەتیش شایستەی داراییی مووچەخۆران کە مافێکی دەستووری و یاساییی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام ھەر ھەوڵ و پڕۆژەیەک لەمڕووەوە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و دیراسەی وردی شارەزایان ھەیە لەسەر بنەمای داتا و ژمارە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشووی دانوستان و گفتوگۆ و ڕێکەوتنامەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، بەراوردکردنێکی زانستییانە بە ژمارە لەنێوان بژاردەکان، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کرداری جێبەجێ بکرێت، چونکە ناکرێت ھەرێمی کوردستان بخرێتە ژێر باری پابەندبوونێکی یاسایییەوە و لە کۆتاییدا لە بری قازانج بە زیانی خەڵکی ھەرێم بشکێتەوە، بەتایبەتیش دەبێت پەرلەمانتارەکان زانیاریی ڕاست و دروستیان لەبەردەست بێت سەبارەت بە ژمارەی مووچەخۆران لە ھەرێمی کوردستان و بڕی بودجەی پێویست بۆ دابینکردنی تەواوی ئەو مووچانە و بەراوردکردنی لەگەڵ خشتەکانی ھاوپێچی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدرال.

لەبەر ڕۆشناییی ئەم لێکدانانەوەش، ئەوەی لە بڕگەی ئەلیفی پڕۆژەی ھەموارکردنەکەدا ھاتووە کە بە داخەوە لە سەر لاپەڕەکانی سۆشیال میدیا بینرا، بەبێ ئەوەی لە ڕێگای کەناڵە فەرمییەکانی حکوومەتی ھەرێمەوە ئاراستەمان بکرێت، نەک ناتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دابین بکات، بەڵکو  لە بەرامبەر 300 ھەزار بەرمیل نەوتی تێکڕای ڕۆژانە، ھەرێم مانگانە تەنھا بڕی 317 ملیار دیناری بۆ دیاری کراوە، لە کاتێکدا بڕی بودجەی پێویست بۆ دابینکردنی تەواوی شایستەی داراییی یەک مانگی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 1 ملیۆن و 400 ھەزار مووچەخۆرە،‌ نزیکەی 880 ملیار دینارە لە مانگێکدا، لەناو ئەم ژمارەیەش کۆی کارمەندانی ھەرێم نزیکەی 730 ھەزار کارمەندە و بۆ ھەر مانگێک پێویستییان بە بڕی 685 ملیار دینار ھەیە،‌ ئەمە جگە لە مووچە و بەخشینەکانی خانەنشینان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و قوتابیان و سوودمەندانی دیکەی چاودێریی کۆمەڵایەتی کە بە ھیچ شێوەیەک لە پڕۆژەی ھەموارکردنەکەدا ئاماژەی پێنەدراوە.

بۆ ئەو مەبەستە و لەپێناو گەرەنتیکردنی دابینکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەییی تەواوی خۆی دەردەبڕێت بۆ دانوستان و گفتوگۆی بەرھەمدار لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی، ئەوەش دووپات دەکەینەوە کە لە بەرامبەر دابینکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی ھەرێم ئامادەی ڕێککەوتنە لەگەڵ حکوومەتی فیدرال، بە پێچەوانەوە سەپاندنی ھەر پابەندبوونێکی یەکلایەنە بەبێ ھەبوونی ڕێککەوتنی ھاوبەش، ھەرێمی کوردستان ناچار بە جێبەجێکردنی ناکات.

لێرەشەوە بەڕێزان ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عیراق بانگھێشت دەکەین بۆ ھەولێر بەمەبەستی خستنەڕووی تەواوی زانیارییەکان کە لە لایەن شارەزایانی دارایییەوە لە ئەنجومەنی وەزیران بە وردی بەراورد کراون و ھەڵبژاردنی باشترین بژاردە کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بێت لەسەر بنەمای ژمارە و داتاکان، بەتایبەتیش چینی کەمدەرامەتی مووچەخۆران کە بە ھۆی بڕینی بەشە بودجەی ھەرێمەوە لەلایەن حکوومەتی فیدرالی عیراقەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان

2/12/2016