جه‌نگی موسڵ چه‌ند مانگێكی دیكه ده‌خایه‌نێت
سڤیله‌كان ئاسته‌نگن له به‌رده‌م پێشڕه‌وییه‌كان
K24 – هه‌ولێر:
"جۆن دۆریان" گوته‌بێژ فه‌رمی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: هێشتا جه‌نگی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ پێویستی به كاتی زیاتره و له‌وانه‌یه چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك یان چه‌ند مانگێكی دیكه بخایه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌واوی ناوچه‌كانی پارێزگاكه كۆنترۆڵ بكرێته‌وه، چونكه جه‌نگی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه به قۆناغێكی زۆر سه‌ختدا گوزه‌ر ده‌كات.
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا جۆن دۆریان ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه" ئاسته‌نگ زۆرن له به‌رده‌م دیاریكردنی واده‌ی كۆتاییهاتنی جه‌نگی موسڵ و رزگاركردنی ته‌واوی خاكی پارێزگاكه،له‌وانه‌یه ته‌نها پێویستمان به چه‌ند هه‌فته و چه‌ند مانگێك ببێت، ئه‌مه‌ش دیسان په‌یوه‌سته به‌وه‌ی له سه‌ر ئاستی مه‌یدانی له‌و ماوه‌یه‌دا چی به ده‌ست دێت،به‌ڵام هێزه عێراقییه‌كان به ئاراسته‌یه‌كی باش و دروست ده‌چنه پێشه‌وه، به تایبه‌تی له پاراستنی خه‌ڵكی سڤیلی ناو شاره‌كه،ئه‌و ئه‌ركه‌شی هێزه عێراقییه‌كان بۆ پاراستنی سڤیله‌كان گرتوویانه‌ته ئه‌ستۆ100% جێگه‌ی بایه‌خه و ئه‌مه‌ش ته‌نها رێگایه بۆ سه‌ركه‌وتن له جه‌نگه‌كه به‌بێ زیان.
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی ئه‌و دواكه‌وتنانه‌ی روویداوه له ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی موسڵ، به‌هۆی بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی سڤیله‌وه‌یه له ناو شاره‌كه‌دا،ئه‌و هۆكاره وایكردووه تا ئیستا سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كی به‌سه‌ر داعشدا به‌دی نه‌هاتووه، به‌ڵام له كۆتاییدا ئه‌و سه‌ركه‌وتنه هه‌ر به ده‌ست دێت.
ئه‌م قسانه‌ی گوته‌بێژه‌كه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له كاتێكدایه، پێش چه‌ند رۆژێك حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاندبوو: پێشبینی ده‌كه‌ن پێش هاتنی ساڵی نوێ شاری موسڵ به ته‌واوی له ده‌ست چه‌كدارانی داعش ئازاد بكرێت.
له میانی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی"ئه‌سیۆشیتد پرێس" سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له باره‌ی پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه عێراقییه‌كان له ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ گوتبووی" پێشبینی ده‌كه‌ین پرۆسه سه‌ربازییه‌كان له موسڵ پێش هاتنی ساڵی نوێ به كۆتابێت و شاره‌كه به ته‌واوی له ده‌ست چه‌كدارانی داش ده‌ربهێنرێت و موسڵ له داعش پاكبكرێته‌وه.
عه‌بادی له‌و دیداره‌دا هیوای خواستووه به زووترین كات چه‌كدارانی داعش له شاره‌كه ده‌ربكرێن و پێش كۆتایهاتنی ساڵی 2016 شاره‌كه به یه‌كجاری كۆنترۆل بكرێته‌وه.
شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ له 17/10/2016 وه به به‌شداری 45 هه‌زار له هێزه سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی عێراق له سوپا و پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبی و پاسه‌وانی نه‌ینه‌وا شان به شانی هێزی پێشمه‌رگه ده‌ستیپێكردووه.
له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له ئاسمانه‌وه پاڵپشتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه عێراقییه‌كان ده‌كات و تا ئێستا چه‌ند شارۆچكه و شاره‌دێ و ژماره‌یه‌ك له گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری موسڵ و گونده‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا رزگار كراوون و ئێستا موسڵ له هه‌ر چوار لاوه گه‌مارۆدراوه.