ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا پرۆژه یاسای بودجه‌ی دوا خست
حكومەتی ھەرێم پێشنیارێكی سێ خاڵی پێشكەش به حكومه‌تی فیدراڵ كرد
K24 – هه‌ولێر
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشنیارێكی سێ خاڵی پێشكه‌ش به حكومه‌تی فیدراڵ كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه داراییه‌كانی نێوانیان له چوارچێوه‌ی یاسای بوودجه‌ی 2017 عێراق.
په‌رله‌مانتار سه‌رحان ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق به ماڵپه‌ری كوردستان24 رایگه‌یاند حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشنیارێكی سێ خاڵی بۆ دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پێشكه‌ش كردووه له به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنی نه‌وتی كه‌ركوك و هه‌رێم به كۆمپانیای سۆمۆ.
له خاڵی یه‌كه‌می پێشنیاری حكومه‌تی هه‌رێم هاتووه "ئاماده‌ن رۆژانه 300 هه‌زار به‌رمیلی نه‌وتی كه‌ركوك راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات به‌رامبه‌ر پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی".
له ماده‌ی دووه‌مدا، حكوومه‌ت هه‌رێم پێشنیاری كردووه "رۆژانه 250 هه‌زار به‌رمیلی نه‌وتی هه‌رێمیش راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكات، له به‌رامبه‌ر پێدانی 17% به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێم".
له ماده‌ی سێیه‌مدا باس له‌وه كراوه "ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتن ئه‌وا سه‌ردانی دادگای فیدراڵ بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه".
بڕیاربوو ئه‌مڕۆ شه‌ممه په‌رله‌مانی عێراق پرۆژه یاسای بودجه‌ی 2017 بخاته به‌ر ده‌نگدان، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی نێوان كورد و شیعه، كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بۆ رۆژی یه‌كشه‌ممه دوا خرا.
سه‌رحان ئه‌حمه‌د هه‌ر له‌مباره‌وه گوتی له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه، پێشنیاری حكومه‌تمان پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام له لایه‌ن هاوپه‌یمانی نیشتیمانی ره‌تكرایه‌وه و به‌هۆیه‌وه كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بۆ سبه‌ینێ دواخرا.