زیادەی مووچەی مامۆستا لەم وادەیە ھەژمار دەكرێت

"ھەر مامۆستایەك دەوام نەكات غیاب دەدرێت"

K24 – ھەولێر

وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان وادەی ھەژماركردنی زیادەی مووچەی مامۆستایان ئاشكرا دەكات.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24، پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "لە 1/12/2016، زیادەی مووچەی مامۆستا ھەژمار دەكرێت، كە 100 ھەزاردینار بۆ مامۆستایانی ناوشار و 150 ھەزاردینار بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شار زیادكراوە".

گوتیشی: "لە دوێنێوە لە ھەموو قوتابخانەكان كار بە لیستی "غیابات" دەكرێت و ھەر مامۆستایەك دەوام نەكات غیاب دەدرێت".

وەزیری پەروەردە راشیگەیاند: "قەرەبووی دوومانگی رۆیشتووی وەرزی خوێندن ناكرێتەوە كە لە پارێزگاكانی سلێمانی و ھەڵەبجە دەوام نەكراوە".

لە كۆبوونەوەی رۆژی 26/11/2016،  بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پەروەردە و بریکاری وەزارەتی دارایی بە وەکالەت و سەرۆک و جێگرانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێم و یەکێتی مامۆستایان، بڕیاردرا مانگانە بڕی 100 ھەزار دینار بۆ مامۆستایانی نێو شار و بڕی 150 ھەزار دینار بۆ ئەو مامۆستایانەی ھاتوچۆی دەرەوەی شار دەکەن تەرخان دەکرێت.

بەڵام تا ئێستا ژمارەیەك لە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە بایكۆتی خوێندنیان نەشكاندووە و بەردەوامن لە خۆپێشاندان.

بەگوێرە ئاماری وەزارەتی پەروەردە زیاتر لە 700 ھەزار منداڵ و قوتابی و خوێندکار لە سنوورەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین تا ئێستا لە خوێندن بێبەشن، ئەگەر لەم چەند رۆژەشدا دەست بە دەوام نەكرێتەوە ئەوا خوێندنی ئەمساڵ لە سنووری ھەردوو پارێزگاكە دوادەخرێت.