بارزانی و سوپاسالاری عێراق ورده‌كارییه‌كانی شه‌ڕی موسڵ تاوتوێ ده‌كه‌ن
له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق له ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ به‌رده‌وام ده‌بن
K24 – هه‌ولێر
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی ورده‌كارییه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی موسڵ له‌گه‌ڵ سوپا سالاری عێراق فەریقی یەکەم عوسمان عەلی فەرهود ئەلغانمی تاوتوێ ده‌كات كه به سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی سه‌ربازی و هه‌واڵگری سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه.
به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ورده‌كارییه‌كانی پرۆسه‌ی ئازادكردنی موسڵ بابه‌تێكی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌ی بارزانی و شانده‌ی سه‌ربازییه‌كه‌ی عێراق بووه.
ئۆپه‌راسیۆنی گرتنه‌وه‌ی موسڵ به به‌شداری نزیكه‌ی 100 هه‌زار هێزه‌كانی عێراقی و پێشمه‌رگه و پشتگیری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می رابردوو ده‌ستیپێكرد و تا ئێستا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌ری چه‌پی شاری موسڵیان كۆنترۆڵ كردووه، پاش ئه‌وه‌ی ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری موسڵیان كۆنترۆڵ كرد و هێڵه به‌رگرییه‌كانی داعشیشیان له ده‌روازه‌كانی شار تێك‌شكاند.
هه‌ردوو لا پێداگریان له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق له چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنترۆڵكردنی موسڵ كرد.
سه‌ردانی شاندی سه‌ربازی عێراق بۆ كوردستان هاوكاته له‌گه‌ڵ لێدوانێكی وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ئاشتۆن كارتێر كه رایگه‌یاندووه شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی موسڵ هه‌ر چه‌نده به سه‌ختی به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌ڵام به‌ر له ده‌ست به‌كاربوونی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو دۆناڵد تره‌مپ له رۆژی 20 كانوونی یه‌كه‌می 2016 كۆتایی دێت.
ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ له‌م دواییه رووبه‌رووی به‌رگرییه‌كی توندی چه‌كدارانی داعش له به‌ری چه‌پی موسڵ بووه‌ته‌وه كه به‌رپرسانی سه‌ربازی باس له ئه‌گه‌ری گۆڕینی پلانی شه‌ڕی موسڵ ده‌كه‌ن.
