زۆربەی شۆفێرانی باشووری کوردستان تایەی چینی بەکاردەھێنن

K24 - ھەولێر

قەیرانی دارایی کاریگەریی لەسەر ھەڵبژاردنی جۆری ئەو کاڵایانەش درووستکردووە، کە رەنگە بە ھۆیانەوە ژیانی ھاووڵاتیان بکەوێتە مەترسییەوە، لەو چوارچێوەیەدا، فرۆشیارانی تایەی ئۆتۆمبێل رایدەگەیەنێنن، شوفێران بە ھۆی بەتاڵی گیرفانیانەوە گوێ بە کوالیتی بەرزی تایە نادەن و تەنیا دەیانەوێت بە ھەرزانترین نرخ تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان بگۆڕن، بە بێ ئەوەی رەچاوی سەلامەتی و چارەنووسی ژیانیان بکەن.

بەرھەمی پیشەسازی وڵاتانی بیانی بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستانیان بەتەوای قۆرغکردوە، بەتایبەتی پێداویستییە پیشەسازییەکانی ئۆتۆمبێل کە تایە یەکێکە لەو پێداویستیانەی بە شێوەیەکی بەردەوام لە بازاڕەکانی ھەرێمدا خواستی زۆری لەسەرە، بەڵام وەک تایەفرۆشەکان باسی دەکەن، خراپی رەوشی دارایی و بەتاڵی گیرفانی شۆفێران رێگرە لەوەی بەدوای کوالێتی بەرزی تایەدا بگەڕێن.زۆرینەی کاڵای تایەی ئەم بازارە چینین، بەڵام وەک فرۆشیارەکان دەڵێن، تایەکان بۆ کەشوھەوای کوردستان بە تایبەتی درووست نەکراوون و بەلای کڕیارانەوە ‌ تەنیا نرخەکەیان گرنگە.