ئێران..ھەوڵدەدرێت بە یاسا کوشتنی کۆڵبەران قەدەغە بکرێت
"پێویستە حکوومەت کێشەی کۆڵبەران چارەسەر بکات"
K24 - تاران
نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانی تایبەتدا بۆ کوردستان24، لەسەر پرسی کوژرانی کۆڵبەرانی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان رایانگەیاند، پێویستە حکوومەت کێشەی کۆڵبەران چارەسەر بکات و بۆ ئەم مەبەستەش ھەوڵدەدەن کوشتنی کۆڵبەران بە یاسا قەدەغە بکرێ و داواشیان لە سەرۆک کۆمار کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ھەوڵبدات.
شەھاب نادری نوێنەری پاوە و ھەورامان لە پەرلەمانی ئێران بە كوردستان24 گوت: "ئەو خەڵكەی لە سنوورەكان كۆڵبەری دەكەن ھیچ كاروكاسبیەكیان نییە و ژیان و گوزەرانیان لەسەر كۆڵبەرییە، بۆیە ناچارن ئەوكارە بكەن".
رەسوڵ خزری نوێنەری سەردەشت و پیرانشار لە پەرلەمانی ئێران بە كوردستان24 راگەیاند: "لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی یاساییەك ھەبێت بۆ كاركردنی كۆڵبەران، لەكاتی بردنی ھەر كەلوپەلێكی قەدەغەكراو، دەكرێت بە یاساوە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، پێشتر و ئێستاش لەگەڵ چەند بەرپرسێك ئەو كێشەیەمان باسكردووە و تەنانەت لەگەڵ سەرۆك كۆماریش باسمان كردووە".