مەسرور بارزانی: شەڕی مووسڵ درێژ خایەن دەبێت
"داعش چەندین تەکتیکی جیاواز بەکاردەھێنن بۆ سستکردنی پێشڕەوی ھێزە عێراقییەکان"
K24 - ھەولێر
لە ھەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی، مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پڕۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵ رایگەیاند، لەسەرەتاوە پێشبینی ئەوەمان کردووە شەڕێکی درێژخایەن دەبێت و داعش چەندین تاکتیکی جیاواز بەکاردەھێنن.
مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەو ھەڤپەیڤینەدا کە لە واشنتنەوە لەگەڵی ئەنجامدراوە گوتی: "پێم وایە شەڕێکی درێژ خایەن دەبێت و ھەر لە سەرەتاوە پێشبینی ئەوەمان دەکرد، چونکە مووسڵ دوا گۆڕەپانی شەڕی داعشە لە عێراق و ھەروەھا پایتەختی داعشە، پێمان وانییە داعش بە ئاسانی دەستبەرداری مووسڵ ببن بەم دواییەش پێشڕەوییەکانی ھێزە عێراقییەکانمان بینی لە نێو مووسڵ کە رووبەڕووی شەڕیکی سەخت دەبنەوە و داعش چەندین تەکتیکی جیاواز بەکاردەھێنن بۆ سستکردنی پێشڕەوی ھێزە عێراقییەکان، وەک بەکارھێنانی تونێل و نیشانشکێن و ھەروەھا دانانی رێژەیەکی زۆری بۆمبی چێندراو و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و بەم دواییە تەکتیکی بەکارھێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەکاردەھێنن".
گوتیشی ئێستا شەڕەکە زیاتر لە رۆژهەڵاتی شاری موسڵەو رەنگە شەڕەکە زۆر سەختتر ببێت ئەگەر بگاتە رۆژئاوای شارەکە ، بۆیە ئاسان نییە پێشبینی بکەین کە چ کاتێک موسڵ بە تەواوی رزگار دەکرێت لە دەستی داعش .
راوێژکاری ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، ئاماژەی بەوەشکرد کە داعش لە سەر دەستی هێزی پێشمەرگە تێکشکێندرا و بۆ ناو موسڵ و تەلەعفەر پاشەشکەی پێکرا ، ئەمە لە کاتێکدا پیِشمەرگە چەکی پێِشکەوتووی پێنەبوو . گوتیشی ئێمە سوپاسی ئەمەریکا و هێزی هاوپەیمانان دەکەین بۆ هاوکارییەکانیان بەڵام چاوەڕێی هاوکاری زیاترمان لێدەکردن . گوتیشی لە شەڕی داعشدا 1500 پێشمەرگە شەهیدبوون و زیاتر لە دە هەزاریش برینداربوون .
لەبارەی قوناخی دوای رزگارکردنی موسڵیش ، مەسرور بارزانی گوتی بەهۆی پێکهاتەی نەتەوەیی وئاینی جیاوازەوە ، پێویستە رێککەوتنێکی سیاسی هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە لە دوای داعش .
لەبارەی پەیوەندی داهاتووی هەرێمی کوردستان و بەغدا و سەربەخۆیی کوردستانیشەوە ، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە سەربەخۆیی مافێکی رەوای گەلی کوردستانە بەڵام پێویستە بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بە لێکتێگەیشتن لە گەڵ دراوسێکانمان بێتەدی .
بۆ دیتنی چاوپێکەوتنە بە زمانی ئینگلیزی لێره FOX NEWS كلیك بكه