یوكسەكداغ: تەنھا بە جەستە لە زیندانین
بنەماڵەكەی لە زیندان سەردانی دەكەن و زانیاری لەبارەی رەوشی بڵاودەكەنەوە
K24 – ھەولێر
فیگەن یوكسەكداغ ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) رایگەیاند، تەنھا بە جەستە لە زیندانین و بیرمان لە دەرەوەیە.
ئێوارەی دوێنێ بنەماڵەی فیگەن یوكسەكداغ لە زیندانی كاندرا لە ئیستەنبوڵ سەردانی كچەكەیان كرد، دوای سەردانەكەش باوكی رایگەیاند، تەندروستی فیگەن زۆر باشە و مۆراڵی بەرزە.
باوك و برا گەورەی فیگەن كە لە زیندان چاویان پێكەوتبوو پەیامێكیان لە زاری كچەكەیان بڵاوكردەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەوان وەك ھاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی ھەدەپە تەنھا بە جەستە لە زیندانن، بیریان لە دەرەوەیە، دەخوازێت گەل ورەی بەرزبێت.
فیگەن یوكسەكداغ ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) لە 4/11/2016 بە تۆمەتی سوكایەتی كردن بە سەرۆكۆماری توركیا و ھاوكاریكردنی لە لایەن حكوومەتی توركیا دەستگیركراوە، جگە لەو سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆكی ھەدەپە و ژمارەیەكی دیكە لە پەرلەمانتار و ھاوشارەداری ھەدەپە بە ھەمان تۆمەت زیندانی كراون.