عێراق حەوتەمین گەندەڵترین وڵاتی جیھانە
"لەناوبردنی داعش چەند گرنگە ئەوەندەش رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی گرنگە"
K24 - ھەولێر
بەپێی دوایین راپۆرتی رێکخراوی جیھانی بێگەردی لەبارەی ئاستی گەندەڵی لە وڵاتانی جیھان، عێراق حەوتەم گەندەڵترین وڵاتی جیھانە، ئەوەی دۆخەکەی خراپترکردووە جیھان لە روانگەی ئەو راپۆرتە و ھاوشێوەکانی دەروانێتە پرسی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان، بۆیە بەرپرسانی حکوومەتی کوردستان دەڵێن، لە یەک کاتدا ھەوڵی بەردەوام دەدەین بۆ نەھێشتنی گەندەڵی و بەجیا ھەژمارکردنی ھەرێمی کوردستان لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە گەندەڵی.
ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئەگەر گەندەڵی لە ھەرێمی كوردستانیش كەمتربێت، پێمان خۆش بێت یان نا، ئێمە لە چوارچێوەی یەكێك لە گەندەڵترین وڵاتی جیھانین".
ھەر لەوبارەوە فرسەت سۆفی ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "گەندەڵی یەكێكە لەو پەتا كوشندانەی ھەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، لەناوبردنی داعش چەند گرنگە، ئەوەندەش رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازی گرنگە، مانەوەی دۆخەكە بەمشێوەیە زۆر مەترسیدارە".