حكومه‌تى هەرێم سه‌ركۆنه‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی ئیستانبوڵ ده‌كات
حکومەت و گەلی هەرێمی کوردستان باش له ئازارى تیرۆر تێده‌گه‌ن
K24 – هه‌ولێر
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا "هێرشه تیرۆریستیانهى ئێواره‌ى دوێنێ شەممە ١٠ کانوونی یەکەم" له شاری ئیستانبوڵ شه‌رمه‌زار ده‌كات و هاوخەمی خۆیشی له‌گه‌ڵ خانەوادەی قوربانیان و حکوومەت و گەلی تورکیا ده‌رده‌بڕێت.
له به‌شێكی په‌یامه‌كه‌دا كه له ماڵپه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاو كراوه‌ته‌وه، هاتووه: "تیرۆریستان لە هه‌ر كوێ ده‌رفه‌ت بهێنن دژی هەموو بەهاکانی مرۆڤایەتی دەجەنگن، ڕەفتارەکانیشیان لە دەرەوەی هەموو بەهایەکی مۆراڵی و مرۆییە. ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستییه دووپات ده‌كاته‌وه كه بنەبڕکردنی تیرۆریستان و بیر و سەرچاوەکانی تیرۆر، دەبێ ئامانجێکی سەرەکیی هەموو وڵات و هێزێکی جیهانی ئازاد و پێشکەوتوو بێت".
هه‌روه‌ها له‌مباره‌وه ده‌ڵێت "حکوومەت و گەلی هەرێمی کوردستان باش له ئازارى تیرۆر تێده‌گه‌ن، هەر لە سەرەتاوە لە بەرەی پێشەوەی ئەم جەنگەدا بوون دژ بە تیرۆریستانی داعش و بە هاوکاریی هێزە دۆست و هاوپەیمانەکانیان، بەردەوامن لە شکستهێنان بە بەرەی تیرۆر و تاریکی".
سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا له دوایین لێدوان له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی ئیستانبوڵ رایگه‌یاند لە ئەنجامی تەقینەوەكانی شەوی رابردووی ئیستانبوڵ 38 كەس كوژران و 155 دیكەش برینداربوون، لەنێو كوژراوه‌كاندا 2 ھاووڵاتی سڤیل ھەن و ئەوانی دیكەشی پۆلیسن، یەكێك لە كوژراوەكانیش بەڕێوەبەری ئاسایشە.