بكوژی مینا لە سێدارەدرا

باوكی مینا: شەوی رابردوو بكوژی مینا بە سزای خۆی گەیاندرا

K24 - ھەولێر

باوكی مینا رایگەیاند، شەوی رابردوو بكوژی مینا لە سێدارە درا، بەڵام تا ئێستا ھیچ دەزگایەك بە فەرمی رانەگه‌یاندووه‌.

مێڤان محەممەد، باوکی مینا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ھەواڵی لە سێدارەدانی بكوژی كچەكەی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "شەوی رابردوو بكوژی مینا بە سزای خۆی گەیشت".

باوكی مینا سوپاسی ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی ھەرێمی كوردستانی كردووە كە بە دەنگ داواكەیان هاتوون و لە رێگەی یاساوە بكوژی كچەكەیان سزاداوە، دەشخوازێت ئەو سزایە ببێتە وانه‌یه‌ك بۆ خەڵكی دیكە كە تاوانی قێزەونی ھاوشێوە دووبارە نەبێتەوە.

مینای 18 مانگی لە رۆژی 9/6/2016 تەرمی پارچە پارچەكراوی لە گوندێكی سنووری پارێزگای دھۆك دۆزرایەوە، لە 10/7/2016 بە پێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری لە سێدارەدان بۆ بكوژەكەی بەناوی (ع.ح) دەرچوو، لە 19/10/2016 پەسەندكرا.