توركیا ده‌یان بەرپرسی هه‌ده‌په‌ ده‌ستگیر ده‌كات

پۆلیسی توركیا ھەڵیكوتایە سەر ئۆفیسەكانی ھەدەپە لە ئیستانبوڵ و ئادانا

K24 - ھەولێر

پۆلیسی توركیا 45 بەرپرسی هه‌ده‌په‌ بە تۆمەتی پەیوەندیان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستگیر ده‌كات.

بەپێی ھەواڵێكی ئاژانسی ئانادۆل، لە ئادانا 500 پۆلیس بە چەندین زرێپۆش و كۆپتەرێك  بەشداری ھەڵمەتی گرتنی ئەندامانی ھەدەپە بوون كە 25 بەرپرسی ھەدەپە لە ھەڵمەتەكەدا دەستگیر كران.

لە شاری ئیستانبوڵیش پۆلیسی دژە تیرۆر 20 بەرپرسی ھەدەپە دەستگیر كرد، لەوانە بەرپرسی یەكەمی ھەدەپە لە ئیستانبوڵ و ھەڵیانكوتایە سەر چەندین ئۆفیسی ھەدەپە لەم شارەدا.

ھاوسەرۆكەكانی ھەدپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ و ھەشت پەرلەمانتاری ئەو حزبە و ھاوشارەدارییەكانی باكووری كوردستان لەوانە ئەحمەد تورك، گولتان كشاناك و بەكر كایا و ھەزاران كەسی دیكە بە تۆمەتی پروپاگەندە و پەیوەندی بە پەكەكە لە زینداندان.

عوسمان بایدەمیر پەرلەمانتاری ھەدەپە رۆژی یەكشەممە لە سلێمانی رایگەیاند 5 ھەزار ئەندامی حزبەكەی لە زینداندان و بۆ ماوه‌ی 36 رۆژه‌ ده‌میرتاش له‌ ژوورێكی تاكه‌كه‌سی دایه‌ و هیچ هاورێیه‌كی خۆی له‌ناو زیندان نه‌یدیوه‌ و رێگاش ناده‌ن نامه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ بنێرێت.