زیاتر لە 25 گوند لە دەستی داعش رزگار كران

دوای گوندی مەحموودیە ھەوڵدەدەن بەنداوی سەورە كۆنترۆڵ بكەنەوە

K24 - رەققە

لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی رەققە بەناوی "توڕەیی فوڕات" ھێزەكانی سووریای دیموكرات تەواوی گوندەكانی باكووری رۆژئاوای رەققەیان لە دەستی چەكدارانی داعش رزگاركردووە.

شەڕڤانێكی ھێزە ھاوبەشەكانی ئۆپەراسیۆنەكە بە كوردستان24 گوت: "زیاتر لە 25 گوندمان لە دەستی داعش رزگاركردووە، ئێستا گەیشتوینەتە دەوروبەری گوندی مەحموودیە و شەڕ بەردەوامە.

بە گوێرەی زانیاری پەیامنێری كوردستان24 لەبەرەكانی شەڕ لە دەروبەری رەققە، ھێزەكانی سووریای دیموكرات لە ھەوڵدان بۆ رزگاركردنی گوندی مەحموودیە،دەیانەوێت دواتر ھەڵی كۆنترۆڵكردنی بەنداوی سەورە بدەن كە لەرووی سەربازی و ئابووری گرنگی زۆری ھەیە.