حكوومەت و فراكسیۆنە كوردییەكان بودجەی عێراق و داھاتی ناوخۆ تاوتوێ دەكەن
بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری كۆبوونەوەكە دەكات
K24 - ھەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق كۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی پەسندكردنی بودجەی عێراق و داھاتی نەوتی ناوخۆ بكەن.
بە گوێرەی زانیارییەكان ئەمڕۆ لیژنەی باڵای نەوت و گازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزیرێکی کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی، لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنە کوردییەکان و ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا حکوومەت تەواوی داتاو زانیارییەکانی تایبەت بە داھاتی ھەرێم ئاشکرا دەکات، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە پاڵ روونکردنەوەکانی دەربارەی یاسای گشتی بودجەی عێراق، تەواوی داتاو زانیارییەکانی تایبەت بە داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان، دەخاتە بەردەستی فراکسیۆنە کوردییەکان و ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
كاوە محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەغدا بۆ میدیاكانی بزوتنەوەكەی ئاشكرای كردووە، ئەوانیش وەك فراكسیۆنی گۆڕان بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا دەكات.
لە 7/12/2012، پرۆژە یاسای بوجەی گشتی عێراق لە لایەن زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند کرا، لە کۆی پێنج فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش تەنیا فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگی بە یاساکە نەدا، وەک ساڵانی رابردوو پشکی ھەرێمی کوردستان بە بڕی 17% لە بوجەی عێراق جێگیرکرا، لە بەرامبەردا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند بێت بە رادەستکردنی 300 ھەزار بەرمیلی نەوتی کەرکووک و 250 ھەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی دیکەی ھەرێم لەگەڵ گەڕاندنەوەی داھاتە ناوخۆیی و گومرگییەکان بۆ بەغدا.