روونكردنەوە لەبارەی چارەسەری گرفتی كارەبا دەدرێت

"پێشنیاری دانانی جۆزەی 20 ئەمپێری خراوەتە بەرنامەی جێبەجێکردن"

K24 – سلێمانی

لەبارەی گۆڕانكاری لە كاتەكانی پێدانی كارەبا و چارەسەری گرفتی كارەبا لە سنووری سلێمانی نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگای سلێمانی روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە.

لە راگەیاندراوێكدا نووسینەگەی راگەیاندنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ: "بە ھەوڵی ھەموو لایەک سەرقاڵی دۆزینەوەی خێراترین و کورترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت تا دۆزینەوەی چارەسەری ھەمیشەیی و ھەوڵەکانیش بەتێگەیشتن و ھاوکاری ھەموو لایەک دەبێت".

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی کارەبا لە پارێزگای سلێمانی کە پێداویستی سەرەکی رۆژانەی ھاووڵاتیانە، پێشنیاری دانانی جۆزەی (20) ئەمپێری خراوەتە بەرنامەی جێبەجێکردن، ئەگەرچی ئەمە گرفتی کارەبا بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ناکات، بەڵام وەک چارەسەری خێرا و کاتی بە رێگایەکی گونجاومان بینی وە جۆرێک لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێدا بەدیدەھێنرێت تا ماڵی ھەموان لە تاریکستانەوە روناکیەکی تێدا دابگیرسێنین".

ئەوەش خراوەتەڕوو: "بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە ھەموو لایەک دەکەین کات و دەرفەتمان بدەنێ تا ئەو کاتەی کارەکانمان تەواو دەکەین و ئەنجامی دەبینن ،پارێزگاری سلێمانی ‌ نیەتی خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکانیانە لە زووترین کاتدا ئەمەش بەھەوڵ و ھاوکاری و تێگەیشتنی ھەموو لایەک دەکرێت و دەبێت".

Fly Erbil Advertisment