مه‌سروور بارزانی: کوردستانییەکان شایستەی ئەوەن چارەنووسیان بە دەست خۆیان بێ

پیرۆزبایی له‌ دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح له‌ كوردستانیان به‌گشتی و كریستیانه‌كان به‌ تایبه‌تی ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌یامێكدا كه‌ به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی له‌ دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح ئاراسته‌ی گشت خه‌ڵكی كوردستان و به‌ تایبه‌تی كریستیانه‌كانی كوردستان و جیهان  كردووه‌ رایده‌گه‌یێنێت " کوردستان هەمیشە شوێنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی ئایین و ئاینزاکان بووە و لەم دۆخە سەختانەی ئەم دواییەشدا سەلمێندرا، کە هیچ فاکتەرێک ناتوانێ ئەم پێکەوە ژیانە لەبار ببات".

هه‌روه‌ها له‌و په‌یامه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌" لەم کاتانەی كه‌ ناوچەکە له‌ ئاگری شەڕی تایفی و تۆڵەسەندن و توندووتیژیدا دەسووتێ، کوردستان پەناگەی هەموو لایەنە ناکۆکەکان بووە، بۆیە کوردستانییەکان سەلماندیان کە شایستەی ئەوەن وڵاتەکەیان بە گیانێکی کوردستانیانە بەڕێوە بچێت و چارەنووسیان بە دەست خۆیان بێ و سەربەخۆ بەرەو داهاتوویەکی پرشنگدار هەنگاو بنێن".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا مه‌سروور بارزانی سوپاسی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كات كه‌ له‌ جه‌نگی دژی تیرۆردا بە گیانی خۆیان گشت هاووڵاتیانی کوردستانیان بە بێ جیاوازی پاراست و پارێزەری بەها و پیرۆزیەکانی گشت ئایین و ئایینزاکان بوون.

 ده‌قی په‌یامه‌كه‌

بە بۆنەی جەژنی لە دایک بوونی حەزرەتی مەسیح سڵاوی خوای لە سەر بێ، گەرمترین پیرۆزباییم ئاراستەی گشت خەڵکی کوردستان و بە تایبەت برایانی مەسیحیمان لە کوردستان و گشت مەسیحیەکانی جیهان دەکەم.

هەر لەم بۆنەیەدا سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین، کە لە جەنگی دژی تیرۆردا بە گیانی خۆیان گشت هاووڵاتیانی کوردستانیان بە بێ جیاوازی پاراست و پارێزەری بەها و پیرۆزیەکانی گشت ئایین و ئایینزاکان بوون. سڵاو بۆ گیانی پاکی پێشمەرگە شەهیدەکانمان و گشت شەهیدانی جەنگی دژ بە تیرۆر. سەری رێز بۆ خانەوادە سەربەرزەکانی شەهیدان دادەنوێنم و هیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتر بۆ پێشمەرگە بریندارەکان دەخوازم.

کوردستان هەمیشە شوێنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی ئایین و ئاینزاکان بووە و لەم دۆخە سەختانەی ئەم دواییەشدا سەلمێندرا، کە هیچ فاکتەرێک ناتوانێ ئەم پێکەوە ژیانە لەبار ببات. لەم کاتانەی ناوچەکە لە ئاگری شەڕی تایفی و تۆڵەسەندن و توندووتیژیدا دەسووتێ، کوردستان پەناگەی هەموو لایەنە ناکۆکەکان بووە، بۆیە کوردستانییەکان سەلماندیان کە شایستەی ئەوەن وڵاتەکەیان بە گیانێکی کوردستانیانە بەڕێوە بچێت و چارەنووسیان بە دەست خۆیان بێ و سەربەخۆ بەرەو داهاتوویەکی پرشنگدار هەنگاو بنێن.

لەم بۆنە پیرۆزەدا ئاواتەخوازم هەرچی زووتر ئاشتی و ئارامی باڵی بەسەر ناوچەکەدا بکێشێ و کۆتایی بە خوێنڕشتن و وێرانکاریی زیاتر بهێنرێت.

مەسرور بارزانی

٢٤/١٢/٢٠١٦