لە پاکستان بنمیچی قوتابخانەیەک رووخا و زیاتر لە 20 قوتابی بوونە قوربانی
لە ئەنجامی رووخانی بنمیچی قوتابخانەیەک لە شاری پیشاوەری باکووری رۆژئاوای پاکستان، 21 قوتابی و مامۆستایەک گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگای فریاگوزاری و نەخۆشخانە نێوخۆییەکان، قوتابییەکان کە زۆربەیان تەمەنیان لە خوار 13 ساڵەوە بووە، لەگەڵ مامۆستایەک بە مردووی گەیەندراونەتە نەخۆشخانە. بیلال ئەحمەد فەیزی، گوتەبێژی دەزگای فریاگوزاری، رایگەیاند کە 19 کەسی دیکە لە رووداوەکەدا بریندار بوون و باری تەندروستی شەش کەسیان ناجێگیرە و لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.
بەگوێرەی ئیدارەی نەخۆشخانەی "لیدی رێدینگ"، دوای ئەوەی لە سەرەتادا گیانلەدەستدانی 4 کەس راگەیاندرابوو، دواتر تەرمی 21 منداڵ و مامۆستایەک گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەیان. هاوکات میان سەعید، فەرماندەی پۆلیسی پایتەختی هەرێمی خیبەر پەکتونخوا، ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 40 کەس لە رووداوەکەدا بریندار بوون. تیمەکانی فریاگوزاری دەستبەجێ پرۆسەی گەڕان و رزگارکردنیان لە ژێر داروپەردووی قوتابخانەکەدا دەستپێکردووە و تا ئێستاش هۆکاری راستەقینەی داڕمانی بنمیچەکە نەزانراوە.