"كۆبوونەوەی كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكان چارەسەری كێشەكان دەكات"
تاكە چارەسەرە بۆ كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان
K24 - ھەولێر
ھیوا میرزا سابیر ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی بە كوردستان24 راگەیاند، تاکە چارەسەر بۆ پرسی سیاسی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی کەسی یەکەمی ھەر پێنج لایەنە سەرەکییەکەی کوردستانە.
گوتیشی: "پەیامی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان ھەنگاوێكی باش و ئیجابییە، بەڵام ئەگەر لە قۆناغی داھاتوو كۆبوونەوەكان لەسەر ئاستی باڵاتر و بەتایبەتی كەسی یەكەمی حزبەكان دەتوانرێت كێشەكان چارەسەر بكرێن".
ئەمە لە كاتێكدایە دوای پەیامی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان، شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك دەستپێشخەری سەردانی لایەنە سیاسییەكانی كرد، بۆ ئەوەی بە راوێژ گفتوگۆ لەبارەی رێگەچارەیەك بۆ چارەسەر بكەن، چاواڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داھاتوودا گەڕێكی دیكەی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان دەست پێبكاتەوە.