نەخۆشخانەكانی كوردستان چیتر بەرگەی بریندار و ئاوارە نەخۆشەكانی مووسڵ ناگرن

وەزیری تەندروستی عێراق: ئەرک و خەمی حکوومەتی عێراقە ھاوکاری تەندروستی پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان بکات

K24 - ھەولێر

وەزیری تەندروستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان چیتر بەرگەی بریندار و نەخۆشە ئاوارەکانی دەشتی نەینەوا ناگرن.

لە كۆنگرەیەكی رۆژانامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ وەزیری تەندروستی عێراق دكتۆر رێکەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: "بەھۆی کەمی و نەبوونی پێداویستی تەندروستی، نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان چیتر بەرگەی بریندار و نەخۆشە ئاوارەکانی دەشتی نەینەوا ناگرن".

 وەزیری تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "لەماوەی ئەو 73 رۆژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی موسڵدا زیاتر لە 13 ھەزار و 500 ئاوارەی بریندار لە نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان ماونەتەوە".

ھەر لەم کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا عادیلە حەموود وەزیری تەندروستی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری ھەولێر رایگەیاند، ئەرک و خەمی حکوومەتی عێراقە ھاوکاری تەندروستی پێشکەش بە ھەرێمی کوردستان بکات، پشتگیری و پاڵپشتی خۆشی بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یارمەتیدانی ئاوارەکانی بریندار و نەخۆشەکانی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دووپاتکردەوە.

 وەزیری تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەدا بەغدا بە بایەخەوە سەیری ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستیانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات.