ئیسلامییەکان تاوتوێی پڕۆژەی یەکگرتن دەکەن

سێ حزبی ئیسلامی کوردستان لە سلێمانی لە كۆبوونەوەدان

K24 – سلێمانی

كەمێك پێش ئێستا کۆبوونەوەی لوتکەی ھەریەکە لە یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی لە بارەگای کۆمەڵ لە سلێمانی دەستیپێكرد و ھەریەکە لە سەڵاحەدین بەھادین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو و عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵ و عیرفان ئەبدولعەزیز رابەری گشتی بزووتنەوە و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو سێ پارتە ئامادەی كۆبوونەوەكەن و بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا یەکگرتنیان حزبە ئیسلامییەكان تاوتوێ بكەن.

مونیر سەلیم پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "كۆبوونەوەی نێوان یەكگرتوو و كۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی لەبارە تاوتوێكردنی پڕۆژەی یەكگرتنیان دەستیپێكرد".

گوتیشی: "ئەوەی لەم كۆبوونەوەدا جیاوازە لەگەڵ كۆبوونەوەكانی دیكە، ژمارەیەك لە كەسایەتی و رێكخراوی ئیسلامی بەشداری لە كۆبوونەوەكە دەكەن، ئامادەش نەبوون لەبارەی لەبارەی بەشداری كردنیان لە كۆبوونەوەكە لێدوان بۆ رۆژنامەنووسان بدەن".

پێشتر حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان چەندین جار كۆبوونەوەیان بۆ پێكھێنانی لیستێكی ھاوبەش كردووە و لە ئێستادا پڕۆژەیەك لە ئارادایە بۆ كۆبوونەوەی ھەموو ھێزە ئیسلامییەكان لە دەوری خوانێك، بەجۆرێك كە لەسەر پرسە سیاسی و ئیدارییەكانی كوردستان و ناوچەكە ھاوھەڵوێست بن، بەڵام تا ئێستا دیار نییە كە پڕۆژەی ئیسلامییەكان بە كوێ دەگات.