حكوومەت ھیچ ئاھەنگ و كەرنەڤاڵێك بەبۆنەی ساڵی نوێ لە ھەولێر ئەنجام نادات

پارێزگاری ھەولێر: رێوشوێنی ئەمنی گیراوەتەبەر و ھێزە ئەمنییەكان لە ئەركدا دەبن بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان بەخۆشی ئارامی پێشوازی لە ساڵی نوێ بكەن

K24 - ھەولێر

پارێزگاری ھەولێر رایدەگەیەنێت، بۆ پێشوازیكردن لە ساڵی نوێ بەھۆی بارودۆخی كوردستان و شەڕی داعش، وەك ئیدارەی پارێزگا ھیچ ئاھەنگ و كەرنەڤاڵێك ئەنجام نادەن، بۆ ئەو شوێنانەی كە خەڵك خۆیان ئاھەنگی و شادی لێ سازدەكەن، رێوشوێنی توندی ئەمنیان گرتووەتەبەر.

نەوزاد ھادی پارێزگاری ھەولێر لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند: "وەك پارێزگای ھەولێرھیچ بەرنامەیكمان نییە بۆ ئاھەنگ و كەرنەڤاڵی پێشوازیكردن لە سەری ساڵ، ئەمەش بەھۆی رەچاوكردنی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان و شەڕی داعش، بەڵام بەرنامەی ئەمنی بۆ جەژن و ئاھەنگەكان سەری ساڵ دیار كراوە و رێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتەبەر".

گوتیشی: "ئەمساڵ تەنھا خەڵك خۆی لە ھۆڵەكان چەندین ئاھەنگ بۆ پێشوازیكردن لە ساڵی نوێ دەگێڕن، ئەوەی كە پێویستە لەسەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و دامودەزگاكانی ھەولێر بۆیان دابینكراوە، بۆ ئەوەی بە ئارامی و بەخۆشی ئاھەنگەكان بەڕێوەبچن، بەرنامەیەكی تایبەتیش بۆ شارۆچكەی عەنكاوە دانراوە".

پارێزگاری ھەولێر ئەوەشی خستەڕوو: "لە شوێنە گەشتیارییەكان و رێستورانتەكان ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران، ھەروەھا رێوشوێنی ئەمنی لەو شوێنانە گیراوەتەبەر و كارمەندانی ھێزە ئەمنییەكان وەك ھەموو جەژن و بۆنەكانی دیكە لە ئەركدا دەبن".