یانه‌یه‌كی چینی ده‌یه‌وێت زه‌برێكی گه‌وره له چێڵسی بدات
پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ی یه‌كه‌می یانه‌كه ئاماده كردووه
سه‌رچاوه‌یه‌كی میدیایی بریتانیا ئاشكرایكردووه كه یانه‌ی تیانگینی چینی هه‌وڵده‌دات دیگۆ كۆستای ئیسپانی و ئه‌ستێره‌ی چێڵسی له گواستنه‌وه‌ی زستانه بباته ریزه‌كانی.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، 1 كانوونی دووه‌می 2017، رۆژنامه‌ی سه‌نی بریتانیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه دیێگۆ كۆستا سه‌رنجی یانه‌یه‌كی چینی بۆ لای خۆی راكێشاوه و له مانگی رابردوو 55 ملیۆن پاوه‌ندی خسته به‌رده‌م چێڵسی بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری ببن، به‌ڵام یانه له‌نده‌نییه‌كه ره‌تیكردوه.
به‌ڵام یانه چینیه‌كه واز ناهێنێت و ئه‌مجاره له ئۆفه‌رێكی نوێ‌دا 80 ملیۆن پاوه‌ندیان خستووه‌ته به‌رده‌م بلوز، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت جارێكی دیكه ره‌تبكرێته‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه له ئێستا ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش ده‌كات و پێشه‌نگی گۆڵكارانیشی گرتووه.
له ناوه‌راستی مانگی رابردوو ئه‌نتۆنیۆ كۆنتی راهێنه‌ری چێڵسی په‌یامێكی توندی راگه‌یاند و پاره و داهاته زۆره‌كه‌ی یانه‌كانی چینی به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره وه‌سف كرد، ئێستاش كۆنتی ترسی له‌وه هه‌یه وه‌ك چۆن مانگی رابردوو یانه‌یه‌كی چینی ئۆسكاری به‌رازیلی له چێڵسی رفاند، هه‌مان سیناریۆش به‌سه‌ر كۆستا دووباره ببێته‌وه.