كوردێكی رزگاربووی رووداوه‌كه‌ی ئیستانبول بۆ كوردستان 24 ده‌دوێت
شایه‌تحاڵی رووداوه‌كه پێچه‌وانه‌ی میدیاكان قسه ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
كوردێكی رزگاربووی رووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ی شاری ئیستانبولی توركیا، بۆ كوردستان 24 چۆنیه‌تی روودانی هێرشه‌كه‌ی گێڕایه‌وه و رایگه‌یاند، هێرشكه‌ره‌كه جلێكی ره‌شی له‌به‌ردابوو و به خێرایی چووه‌ته ناوهۆڵه‌كه و ده‌موچاوی خۆی داپۆشیبوو.
ئه‌له‌ند شێروانی، كه خۆی له شوێنه‌كه‌دا بووه، رایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستیكرد به ته‌قه‌كردن، بووه قه‌ره‌باڵخی و ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ش، ته‌نها 5-6 خووله‌ك له شوێنه‌كه ماوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئه‌و له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی له یانه‌كه‌دا هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه و بینیویانه كه‌سێك له ده‌ره‌وه تهقهدهكات و ده‌چێته ناو یانه‌كه.
ئه‌له‌ند گوتی: "من بینیم چه‌كداره‌كه له ده‌ستی چه‌په‌وه هات و ته‌قه‌ی له چه‌ند كه‌سێك كرد، دواتر چووه ناو یانه‌كه و بووه ته‌قه، چه‌كداره‌كه 5-6 خووله‌ك مایه‌وه و هاته ده‌ره‌وه".
به گوێره‌ی لێدوانه‌كانی ئه‌و شایه‌تحاڵه، ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه به جلێكی ره‌شی ساده بووه، نه‌ك جلی پاپانوئێل، وه‌ك میدیاكانی توركیا باسی لێوه‌ده‌كه‌ن.
به هۆی رووداوه‌كه، هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی شاری هه‌ولێر كوژرا و دوو هاووڵاتی دیكه‌ش برینداربوون، به‌ڵام ئێستا ره‌وشی ته‌ندروستی برینداران جێگیره و له نه‌خۆشخانه چاره‌سه‌رییان بۆ ده‌كرێت.
له كاتژمێره‌كانی سه‌ره‌تای ساڵی نوێی 2017 چه‌كدارێك هێرشیكرده سه‌ر یانه‌ی شه‌وانه‌ی "رینا"ی به ناوبانگ له شاری ئیستانبوڵ و پاش ئه‌وه‌ی توانیبووی بگاته ناو ئه‌و هۆڵه‌ی ژماره‌یه‌ك كه‌س ئاهه‌نگیان تێدا ده‌گێڕا، ته‌قه‌ی له ئاماده‌بووانی ئاهه‌نگه‌كه كرد و به‌و هۆیه‌وه 39 كه‌سی كوژران و 65 كه‌سی دیكه‌شی برینداربوون، تا ئێستا پۆلیس به‌دوای هێرشبهرهكهدا ده‌گه‌ڕێت.
ئه‌و یانه شه‌وانه‌یه ده‌كه‌وێته كه‌ناری پردی بۆسفۆر و خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌بۆنه‌ی ساڵی نوێوه له‌و یانه‌یه كۆببوونه‌وه.