لیژنەی لێكۆڵینەوە لە داھاتی سلێمانی بێ ئەنجام بوو
ئەندامێكی لیژنەكە: لە ژێر فشار كارەكانمان نەوەستاندووە و ژمارەی ئەندامانی لیژنە كەمە
K24 - سلێمانی
ئەو لیژنە کاتیەی بۆ بەدواداچوونی داھاتی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین دروستکرابوو ھەر لەسەرەتاوە کارەکانی کۆتایی پێھات و تا ئێستاش ھیچ لیژنەیەکی دیكە شوێنەکەی نەگرتووەتەوە، یەکێک لە ئەندامانی ئەو لیژنەیە دەڵێت، لە ژێر فشاردا کارەکانیان نەوەستاوە و سکرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش رای وایە، لیژنە ھەمیشەییەكانی ئەنجوومەن دەتوانن رۆڵی ئەو لیژنە کاتیە بە زیادەوە بگێڕن.
رێبوار بازیانی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "لیژنەكە تەنھا 3 كەدس بوو، من پێموابوو كە بە سێ كەس ناتوانین لێكۆڵینەوە لە داھاتی سلێمانی بكەین".
گوتیشی: "داھاتی ھەموو كوردستان دیارنییە نەك تەنھا پارێزگای سلێمانی، ئەوە روونە كە ناشەفافی زۆر ھەیە".
مەھدی مەحموود سکرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێ: "لە ئەنجوومەن 17 لیژنەمان ھەیە، دەكرێ ئەو ئیشەی بەتەما بوون بیكەن لیژنەكانی دیكە لەناو ئەنجوومەن بیكەن".