به‌ریتانیا چاوه‌ڕوانی "هێرشی تیرۆریستی كیمیایی" ده‌كات
ئاماده‌كاری پێشوه‌خته ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رۆكی تیمی به‌رگری شارستانی به‌ریتانیا، هۆشداری له روودانی "هێرشی تیرۆریستی كیمیایی" ده‌دات له‌و وڵاته.
دانی كۆتۆن، سه‌رۆكی تیمی به‌رگری شارستانی و ئاگركوژێنه‌وه، رایگه‌یاند، كات و ماوه‌ی راهێنانه تایبه‌ته‌كان له باره‌ی چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له كاتی ئه‌نجامدانی هێرشی كیمیایی زیادده‌كرێن و گوتی: "هاووڵاتییان پێویستیان به فێربوونی زیاتره بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشێكی له‌م جۆره".
به گوێره‌ی سایتی "تێلیگراف"، ئه‌و به‌رپرسه به‌ریتانییه رایگه‌یاندووه، هێرشی كیمیایی هه‌ڕه‌شه له سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان ده‌كات، به به‌ریتانیاشه‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، پێویسته خه‌ڵك بزانن چۆن هه‌ڵسووكه‌وت ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر هێرشێكی له‌مجۆره‌دا ئه‌نجامبدرێت و گوتی: "له‌كاتی روودانی ئه‌و هێرشانه‌دا پێویست ناكات خه‌ڵك رابكات، چونكه مادده كیمیاییه‌كان زیاتر بڵاوده‌بنه‌وه، تیرۆریستانیش هه‌ر ئه‌وه‌یان ده‌وێت".
ئه‌م لێدوانانه‌ی به‌رپرسی تیمی به‌رگری شارستانی به‌ریتانیا، له دوای لێدوانێكی بن واڵاس، وه‌زیری ئاسایشی به‌ریتانیا دێت، كه رایگه‌یاندبوو، رێكخراوی داعش، به نیازی ئه‌نجامدانی هێرشی كیمیاییه له‌و وڵاته.
بن واڵاس، له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "سه‌نده‌ی تایمز"ی به‌ریتانی رایگه‌یاند، چه‌كدارانی داعش، بیر له ئه‌نجامدانی هێرشی كیمیایی ده‌كه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین قوربانی بخه‌نه‌وه، به تایبه‌تیش له به‌ریتانیا و وڵاتانی ئه‌وروپا".