یانەی هەولێر دادەبەزێتە ریزی یانە پلە یەکەکانی عێراق

بەپێی رێنماییەکانی لێژنەی پێشبڕکێکانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق

K24- هەولێر

یانەی هەولێر بەهۆی سووربوونی لەسەر کشانەوەی لە خولی نایابی عێراق، بەپێی رێنماییەکانی لێژنەی پێشبڕکێیەکانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دادەبەزێتە ریزی یانە پلە یەکەکانی عێراق.

عەبدولخاڵق مەسعوود، سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە ئەمڕۆی وەرزشدا لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، بەپێی رێنماییەکانی لێژنەی پێشبڕکێیەکانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەر یانەیەک لە قۆناخی یەکەم ئامادەی یارییەک نەبێت ئەنجامی سەرجەم یارییەکانی دیکەی بە دۆڕاو هەژمار دەکرێت و دادەبەزێتە ریزی یانە پلە یەکەکان.

سەرۆکە کوردەکەی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق گوتیشی 'یانەی هەولێر بەفەرمی داوای لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە ئەم وەرزە لە سەرجەم یارییەکان ببەخشرێت و وەرزی داهاتوو بتوانێت جارێکی دیکە بەشداریی یارییەکانی خولی نایابی عێراق  بکاتەوە، بەڵام بەپێی رێنماییەکانی خولەکە یانەکە دادەبزێتە ریزی یانە پلە یەکەکان، چونکە یانەکە دووشەممە ئامادەی یاریی داهاتووی نابێت، بەمەش یانەکە بەفەرمی دادەبەزێتە ریزی یانە پلە یەکەکان و پێویست بە هیچ بڕیارێکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقیش ناکات'.

عەبدولخاڵق مەسعوود دڵگرانی خۆی بە دابەزینی یانەی هەولێر بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان راگەیاند و گوتی 'بەهۆی ئەوەی یانەی هەولێر پێشتر چوار جار بووەتە پاڵەوانی خولی نایابی عێراق، دڵگرانین بەم دۆخەی یانەکە، بەڵام فێدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەرامبەر ئاژاوەگێڕییەکانی هاندەرانی یانەی نەجەف بڕیاری دا یانەکە چوار یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەبێ هاندەر ئەنجام بدات و سزایەکی توندی یانەکەی دا'.