كۆچڕه‌وی یاریزانان له یانه‌ی هه‌ولێر ده‌ستیپێكرد
چوار یاریزان ریزه‌كانی یانه‌كه‌یان به‌جێهێشت و دوو یاریزانی دیكه‌ش ده‌ڕۆن
K24- هه‌ولێر
دوای سووربوونی یانه‌ی هه‌ولێر له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی له خولی نایابی عێراق و دابه‌زینی بۆ ریزی یانه پله یه‌كه‌كانی عێراق، چوار یاریزان به‌فه‌رمی ریزه‌كانی یانه‌كه‌یان به‌جێهێشت و دوو یاریزانی دیكه‌ش نزیكن له چه‌ند كاتژمێری داهاتوو له یانه‌كه كۆچ بكه‌ن.
ئه‌مشه‌و هه‌ریه‌كه له ئیڤان خالید، نیاز محه‌مه‌د، دیار ره‌حمان و فه‌رحان شوكر دوای گه‌شتكردنیان بۆ به‌غدا، له‌گه‌ڵ یانه‌ی نه‌فتی وه‌سه‌ت گه‌یشتنه رێككه‌وتن له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی عێراق یاریی بۆ یانه‌كه بكه‌ن. ئیڤان خالید له لێدوانێكی تایبه‌تی بۆ كوردستان24 رێككه‌وتنی خۆی و هه‌ر سێ یاریزانه‌كه‌ی دیكه‌ی یانه‌ی هه‌ولێری له‌گه‌ڵ یانه‌ی نه‌فتی وه‌سه‌ت دووپاتكرده‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌پێی زانیارییه‌كانی كوردستان24، سه‌رهه‌نگ موحسینی گۆڵپارێز و كاپتنی یانه‌كه‌ش له گواستنه‌وه‌ی بۆ ریزه‌كانی یانه‌ی شورته نزیكه، یانه‌ی ئه‌مانه‌ی به‌غداش داوایان له بارزان شێرزادی یاریزانی یانه‌ی هه‌ولێر كردووه په‌یوه‌ندییان پێوه بكات و له‌وانه‌یه له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا ئه‌و دوو یاریزانه‌ش یانه‌كه‌ی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان به‌جێبهێڵن.
پێشتر تامر حاجی یاریزانی پیشه‌گه‌ری یانه‌كه‌ش، یانه‌ی هه‌ولێری به‌جێهێشت و ته‌نیا له‌م مانگه‌دا ئه‌مه پێنجه‌م یاریزانه یانه‌ی هه‌ولێر به‌جێبهێڵێت.