لە ماوەی ساڵێكدا 49 كۆڵبەر لە سنوورەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان كوژراون
پەرلەمان و حكوومەتی ئێران بەڵێنیانداوە پرسەی تەقەكردن لە كۆڵبەران چارەسەر بكەن
K24 - ھەولێر
ساڵی 2016 بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو زۆرترین كۆڵبەر لەرۆژھەڵاتی كوردستان بەفیشەكی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كوژراون، ئەوە لەكاتێكدایە كە پەرلەمان و حكومەتی ئێران بەڵێنی ئەوەیان داوە كە پرسی تەقەكردن لەكۆڵبەران چارەسەربكەن و بەیاسا یان بە بڕیار رێگە لە كوژرانی كۆڵبەران بگرن.
بەشی ئاماری ماڵپەڕی ھەنگاو بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە رۆژھەڵاتی كوردستان ئاشكرایكردووە، كە لە 2016دا 49 كۆڵبەر كوژراون و 47 دیكەش برینداربوونە. بەپێی بەدواداچوونەكانی ئەو ناوەندە 41 حاڵەتی كوژراوان بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەكانی ئێران بووە، ھەروەھا 4 حاڵەت بەھۆی رووداوی ھاتووچۆ و سێ كۆڵبەریش لەرووبارەكانی سەر سنووردا خنكاون و كەسێكیش لەو رێگە مەترسیدارەدا بەھۆی جەڵتەی دڵ گیانیان لە دەستداوە.