فەرماندەیەكی دژەتیرۆری عێراق: كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی بەری چەپی مووسڵ نزیك بووەتەوە

"زیاتر لە 50 گەڕەك لە بەری چەپی مووسڵ كۆنترۆڵكراونەتەوە"

K24 - ھەولێر

فەرماندەیەكی هێزی دژەتیرۆری عێراق ئاشكرای دەكات تا ئێستا له‌ به‌ری چه‌پی مووسڵ زیاتر لە 50 گه‌ڕه‌ك لە دەستی داعش كۆنتڕۆڵكراونەتەوە‌ و له‌ چه‌ند رۆژی داهاتووشدا سه‌ركه‌وتن له‌ به‌ری چه‌پ راده‌گه‌یەنن.

عه‌بدولغه‌نی ئه‌سه‌دی فه‌رمانده‌ی دژه‌ تیرۆری عێراق به‌ كوردستان24راگه‌یاند: "هێزه‌كانمان پێشڕه‌وی به‌رچاویان تۆماركردووه‌ و گه‌یشتن به‌ كه‌ناری رووباری دیجله‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ چه‌كدارانی داعش ئیراده‌ی شه‌ڕكردنیان نه‌ماوه و ھاوسەنگیان لەدەستداوە"‌.

ئەو فەرماندەی دژە تیرۆری عێراق ئەوەشی خستەڕوو: "تا ئێستا 53 گەڕەكمان لە بەری چەپی مووسڵ رزگاركردوون و زیاتر جگە لەو گەڕەكانەی دیكە كە لەلایەن ھێزەكانی پۆلیس رزگاركراون".

عەبدولغەنی ئەسەدی راشیگەیاند: "لە چەند رۆژی داھاتوودا بەری چەپی مووسڵ بە تەواوی لە دەستی چەكدارانی داعش رزگار دەكرێت، دواتر چاوەڕێی فەرمانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی عێراق دەكەین".