له خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان چه‌ندان یاری ئاگرین به‌ڕێوه‌یه
ئامار و مێژووی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌كانی یارییه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه بینه
بڕیاره سبه‌ی پێنجشه‌ممه له گه‌ڕی نۆیه‌می قۆناخی دووه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان 3 یاری له كاتژمێر 2:30ـی پاشنیوه‌ڕۆ به كاتی باشووری كوردستان به‌ڕێوه بچن.
زێره‌ڤانی ـ هه‌ولێر
ئه‌م یارییه سبه‌ی پێنجشه‌ممه له شاری دهۆك ده‌كرێت، یاری قۆناخی یه‌كه‌می ئه‌م دوویانه‌یه به یه‌كسانبوون به 2 گۆڵ بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات، یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌م وه‌رزه تاكه یانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌یه‌تی هیچ یارییه‌كی نه‌دۆڕاندووه، خاوه‌نی یه‌ك سه‌ركه‌وتن و 6 یه‌كسانبوونه، به 9 خاڵ له پله‌ی پێنجه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی زێره‌ڤانی ئه‌م وه‌رزه به خراپترین بارودۆخ گۆزه‌ر ده‌كات، له كۆی 7 یاری هێشتا تامی بردنه‌وه‌ی نه‌كردووه و به 4 خاڵ له دوایین پله‌ی كۆتایی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت.
مێژوو له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ولێرییه‌كانه
زێره‌ڤانی و هه‌ولێر هه‌ریه‌كه‌یان 3 جار نازناوی خولی نایابیان بردۆته‌وه، له دوایین 10 یاری نێوان ئه‌م دوویانه له خولی نایاب، یانه‌ی هه‌ولێر 4 یاری بردۆته‌وه، 4 یاریش به یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه، زێره‌ڤانی ته‌نیا یه‌ك یاری بردۆته‌وه.
یانه‌ی هه‌ولێر له دوایین 10 یاری، 19 جار تۆڕی یانه‌ی زێره‌ڤانی هه‌ژاندووه، له به‌رامبه‌ردا زێره‌ڤانی 13 گۆڵی كردووه.

دهۆك ـ نه‌ورۆز
یانه‌ی نه‌ورۆز له قۆناخی یه‌كه‌م به تاكه گۆڵێكی به‌هادین به‌كر شكستی به دهۆك هێنا، ئه‌گه‌ر سبه‌ی هه‌مان سیناریۆی سه‌ركه‌وتن دووباره نه‌كه‌ته‌وه مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی پێشه‌نگی لێده‌كه‌وێته‌وه.
نه‌ورۆز ئه‌م وه‌رزه له به‌رزترین ئاستی مێژووی خۆیدایه، به‌ڵام شكسته‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ترسی خسته دڵی هه‌وادارانی یانه‌كه‌ی كه ئه‌مساڵیش به‌ده‌ستی به‌تاڵ لێی ده‌ربچێت.
نه‌ورۆز له كۆی 7 یاری، 4 سه‌ركه‌وتن، 2 شكست و 1 بردنه‌وه‌ی هه‌یه و به 13 خاڵ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی گرتووه، یانه‌ی دهۆكیش كه پێشتر 2 نازناوی خولی نایابی بردۆته‌وه ئه‌م وه‌رزه ئاستی خراپه، له كۆی 7 یاری، 3 یاری دۆڕاندووه و خاوه‌نی یه‌ك سه‌ركه‌وتن و 3 یه‌كسانبوونه، به 6 خاڵ له خانه‌ی پێشكۆتایی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت.
مێژووی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌كانیان
له مێژووی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان ئه‌م دوویانه‌یه 7 جار رووبه‌ڕبووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه، دهۆك 2 یاری بردۆته‌وه، نه‌ورۆزیش 2 سه‌ركه‌وتنی هه‌یه، 3 یاریش به‌یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه.
له مێژووی به‌یه‌كگه‌یشتنه‌كانیان، دهۆك 6 جار تۆڕی گۆڵی نه‌ورۆزی هه‌ژاندووه، نه‌ورۆزیش 5 گۆڵی هه‌یه.

گازی باكوور ـ برایه‌تی
شاری كه‌ركووك ئه‌م یارییه ده‌گرێته خۆی، یاری قۆناخی یه‌كه‌می ئه‌م دوویانه‌یه به یه‌كسانبوون به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات، جگه له‌م یارییه‌یش له مێژوودا هیچ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی فه‌رمیان نییه.
یانه‌ی برایه‌تی به 10 خاڵ له خانه‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت و به جیاوازی 3 خاڵ له یانه‌ی نه‌ورۆزی پێشه‌نگی خوله‌كه دووره.
یانه‌ی گازی باكووریش یارییه‌كی كه‌متر له برایه‌تی كردووه و به 9 خاڵ له خانه‌ی چواره‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت.