چەند سیناریۆیەك بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان گەڵاڵە دەكرێن

لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی باسی رێگەچارەی گونجاو بۆ سەرجەم كێشەكان كراوە

K24 – ھەولێر

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، چەند سیناریۆیەك بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان گەڵاڵە كراون.

سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە ئەندامی شاندی حزبەكەی بوو لە كۆبوونەوەی رۆژی 11 كانوونی دووەمی 2017 لەگەڵ شاندی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە كوردستان24 گوت: "چەند سیناریۆیەك بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان گەڵاڵەكراون".

گوتیشی: "بابەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان بە تەنیا لە نێوان یەكێتی و پارتی نییە، بەڵكو لایەنی سیاسی دیكەش ھەن، لەگەڵ ھەموو ئەو لایەنانە گفتوگۆ دەكەین و رای ئەوانیش وەردەگیرێت".

سەعدی پیرە ئاشكرای كرد: "لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی باس لە شێوەی چارەسەری كێشەكان كراوە، باس لەو گلەییانە كراوە كە پەیوەندییان بە ھاوسەنگی ھەیە لە ئیدارەدانی ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا باسمان لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و سەرجەم كێشەكانی دیكەی كوردستان كردووە".