گراهام په‌یامی كورد به ترامپ ده‌گه‌یه‌نێت
هه‌فته‌ی داهاتوو به‌شداری له رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونی ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
فرانكلین گراهام، كه‌سایه‌تی ناسراوی كریستیانی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆكی رێكخراوی خێرخوازی ساماریتان پیرس (Samaritan Purse)، كه یه‌كێكه له رێكخراوه خێرخوازییه دیاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا و جیهانه، ئێستا له هه‌رێمی كوردستانه.
گراهام، دۆستێكی نزیكی دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكایه و له سه‌ره‌تاوه پاڵپشتی خۆی بۆ ئه‌و كاندیده‌ی كۆمارییه‌كان راگه‌یاندبوو.
دوای هه‌ڵبژاردنی ترامپیش، وه‌ك 45همین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، گراهام رایگه‌یاند، هه‌ڵبژاردنی ترامپ، ده‌ستێكی خوایی بوو.
بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو، گراهام، له ئاهه‌نگی ده‌ستبه‌كاربوونی ترامپ، له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌ی كریستیان به‌شداری رێوڕه‌سمه‌كه بكه‌ن و نوێژ بۆ دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن و له رێوڕه‌سمه‌كه‌شدا، وتارێكی تایبه‌ت پێشكه‌ش ده‌كات.
فرانكلین گراهام، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24 گوتی: "كوردستان پێویستی به هاوكاری زۆره، خه‌ڵكی كوردستان گه‌لێكی بێوێنه‌ن و ئازارێكی زۆرییان بینیوه، پێویستییان به هاوكارییه، بۆیه ئێمه هاتووین هاوكاری پێشكه‌ش بكه‌ین".
هه‌روه‌ها گوتی: "من زۆرشتم هه‌یه له باره‌ی كوردستانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو به ترامپی بڵێم، ئه‌و شاره‌زایی زۆری نییه له باره‌ی ئه‌و پارچه‌یه‌ی جیهان، من ده‌مه‌وێ دڵنیابم له‌وه‌ی ترامپ له پێداویستییه‌كانی عێراق و به‌تایبه‌تیش هه‌رێمی كوردستان تێبگات".
هه‌روه‌ها گوتی: "كریستیانه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ش قوربانی زۆرییانداوه، به‌تایبه‌تیش له‌سه‌رده‌ستی داعش، بۆیه پێویستییان به هاوكاری زۆر هه‌یه، ده‌مه‌وێ دڵنیا بم كه سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكا، له‌و خاڵه گرنگانه تێبگات".
سه‌باره‌ت به ناسینی خه‌ڵكی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه، گراهام گوتی: "ورده ورده خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا میلله‌تی كورد زیاتر ده‌ناسن و ده‌زانن كه خه‌ڵكێكی قاره‌مانن، ماندوونه‌ناسن، خه‌ڵكێكن له پێناو ئازادی خۆیان تێده‌كۆشن، منیش پێموایه خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا رێزێكی زۆر تایبه‌تییان بۆ میلله‌تی كورد هه‌یه".
فرانكلین گراهام، سه‌رۆكی رێكخراوی ساماریتان پیرس، كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراو و كاریگه‌ری ئه‌مه‌ریكایه و به‌رده‌وام له میدیاكانی ئه‌و وڵاته قسه ده‌كات.
گراهام له ماوه‌ی سێ ساڵدا، دووه‌مجاره سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و هه‌فته‌ی داهاتووش له رێوڕه‌سمی ده‌ستبه‌كاربوونی ترامپ، بهشداریدهكات و ده‌شڵێت: "نوێژ بۆ ترامپ ده‌كه‌م".
مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كان و پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی، كه دۆستی ناوبراوه، رایگه‌یاند، ئه‌م رێكخراوه له ساڵی 2007ه‌وه چه‌ندین پرۆژه‌ی خێرخوازی له هه‌رێمی كوردستان، به بڕی زیاتر له 15 ملیۆن دۆلار، ئه‌نجامداوه.
ئه‌مڕۆش نه‌خۆشخانه‌یه‌كی فریاكه‌وتنی گه‌ڕۆكی 75 قه‌ره‌وێڵه‌یی له شارۆچكه‌ی به‌رتله، به بڕی 10 ملیۆن دۆلار كرده‌وه، كه ته‌واوی كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه پزیشكییه‌كانیش بۆ دابینكردووه.
.jpg)
.png)
.jpg)
.jpg)
.jpg)