بارزانی و بایدن له‌ داڤۆس شه‌ڕی داعش تاوتوێ ده‌كه‌‌ن

له‌ دوو رۆژی داهاتووشدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ی له‌ داڤۆس ده‌بێت

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئێستا بۆ به‌شداریكردن له‌ 47 مین كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی له‌ شارۆچكه‌ی داڤۆسی سویسرایه‌، له‌گه‌ڵ جۆ بایدن جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا یه‌كتر ده‌بینن و له‌ په‌راوێزی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا ده‌رباره‌ی شه‌ڕی داعش و ره‌وشی ناوچه‌كه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن.كه‌مێك پێش ئێستا بارزانی و بایدن گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كه‌یان ده‌ستیپێكردووه‌.

 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مريكا، له‌ داڤۆس، 17ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2017
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مريكا، له‌ داڤۆس، 17ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2017

به‌رگه‌شت ئاكره‌یی په‌یامنێری كوردستان24 له‌ داڤۆس و له‌و شوێنه‌ی بڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان بارزانی و بایدنی تێدا به‌ڕێوه‌بچێت رایگه‌یاند" سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ره‌وشی شه‌ڕی داعش و ئه‌و ناوچانه‌ی تا ئێستا ماون و ئازاد نه‌كراون،. باسكردن له‌ قۆناغی پاش ئیداره‌ی ئێستا و هاتنی ئیداره‌ی نوێ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گفتوگۆی نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بێت".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند" ئه‌مڕۆ و دوو رۆژی دهاتووش سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین دیدار و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی وڵاتانی دیكه‌ی جیهان ئه‌نجامده‌دات، كه‌ ئێستا بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووری جیهانی له‌ داڤۆسی سویسران.

كۆڕبه‌نده‌كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌ستی به‌كاره‌كانی كردووه‌ و تا رۆژی 20 ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام بێت، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش لە رێزی ئەو كەسانەدایە كە بەشداری لە باسە جیاوازەكانی كۆڕبەندەكەدا دەكەن.

بارزانی لە پانێلی تایبەت بە عێراق و سوریا بەشداری دەكات كە لە رۆژی 20 ئەم مانگە رێك دەخرێت و ھەر یەك لە ستیڤان دی میستورا نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووكان بۆ سوریا، محەمەد شیمشەك جێگری سەرۆك وەزرانی توركیا، مەجید جەعفەر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی ھیلال Crescent Petroleum و مینا ئورێبی لە رۆژنامەی "شرق الاوسط" بەشداری تێیدا دەكەن.

كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مريكا، له‌ داڤۆس 17ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2017
كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مريكا، له‌ داڤۆس 17ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2017

ھەرورھا له‌سه‌ر پێگه‌ی فه‌رمی كۆڕبه‌نده‌كه‌ ئاماژە بە ژیانی سیاسی و رابردووی بارزانی كراوه‌، لەگەڵ ئەو بەرپرسایەتییەی لە ھەرێمی كوردستان و عێراق لە ماوەكانی رابردوو و ئێستا ھەی بووه‌ و هه‌یه‌تی، لەوانە ئەو رۆڵەی لە دامەزراندی بەرەی كوردستانی بۆ سەركرایەتی كردنی گەلی كورد لە راپەرینی دژی رژێمی بەعس  و بەشداریكردن لە ئەنجومەنی حوكم لە ساڵی 2004  و بە فەرمی ناساندنی ھەرێمی كوردستان لە دەستووری عێراق و پەرەپێدانی دیموكراسی و دامەزراندنی دامەزراوەكان لە ھەرێمی كوردستان ھەبووە.

فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، لەم سەردانەدا یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکەن.