خشته‌ی یارییه‌كانی خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ببینه
هه‌ندرێن یاری تۆڵه‌كردنه‌وه له‌گه‌ڵ شێروانه ده‌كات
خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان سبه‌ی پێنجشه‌ممه به كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م ده‌ستپێده‌كاته‌وه، زاخۆ رووبه‌ڕووی گاره‌ی دراوسێی ده‌بێته‌وه، له سلێمانیش سیروانی نوێ و كه‌ركووك به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، له پایته‌ختی كوردستانیش هه‌ندرێن میوانداریی شێروانه ده‌كات، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش له كاتژمێر 14:30 ده‌كرێن.

هه‌ندرێن ـ شێروانه
ئه‌م یارییه بۆ یانه‌ی هه‌ندرێن یاری تۆڵه‌كردنه‌وه ده‌بێت، به‌وپێیه‌ی له قۆناخی یه‌كه‌م له یاریگه‌ی شێروانه شكستێكی جه‌رگبڕی هاتهڕی و به 3 گۆڵی بێ‌وڵام دۆڕا.
یانه‌ی هه‌ندرێن به 10 خاڵ له پۆلێنی چواره‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت، شێروانه‌ش به 13 خاڵ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی گرتووه.
ئاماره‌كانی هه‌ندرێن و شێروانه
ـ له دوایین 11 یاری نێوان ئه‌م دوویانه‌یه، یانه‌ی هه‌ندرێن 3 یاری بردۆته‌وه، شێروانه‌ش 4 سه‌ركه‌وتنی هه‌یه و 4 یاریش به‌یه‌كسانبوون كۆتایی هاتووه.
ـ دوایین جار كه ئه‌م دوویانه‌یه له‌سه‌ر ئه‌م یاریگه‌یه به‌یه‌كگه‌یشتوون وه‌رزی رابردوو بوو، كاتێك شێروانه به‌گۆڵێكی بێبه‌رامبه‌ر یارییه‌كه‌ی برده‌وه.
.jpg)
گاره ـ زاخۆ
یانه‌ی زاخۆ ده‌بێته میوانی گاره‌ی دراوسێی، یانه‌ی زاخۆ هه‌فته‌ی رابردوو زه‌برێكی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وت، كاتێك له نێو یاریگه‌ی خۆی به گۆڵێكی بێ‌وڵام به یانه‌ی ئارارات دۆڕا.
یانه‌ی گاره ئه‌م وه‌رزه ته‌نیا یه‌ك هیوای هه‌یه، ئه‌ویش مانه‌وه‌یه له خولی نایاب، ئه‌گه‌ر سبه‌ی شكسته‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی به‌سه‌ردا دووباره بێته‌وه، ره‌نگه به ته‌واوه‌تی ئاڵای سپی هه‌ڵ بكات و درووشمی دابه‌زین بۆ خولی پله‌یه‌ك به‌رز بكاته‌وه.
زاخۆ به كۆكردنه‌وه‌ی 9 خاڵ له خانه‌ی پێنجه‌م دێت و به جیاوازی 4 خاڵ له یانه‌ی نه‌ورۆزی پێشه‌نگ دووره، یانه‌ی گاره‌ش ئه‌م وه‌رزه تاكه یانه‌ی خوله‌كه‌یه هیچ سه‌ركه‌وتنێكی تۆمار نه‌كردووه و به 5 خاڵ له دوایین خانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت.

سیروانی نوێ ـ كه‌ركووك
ئاستی ئه‌م دوویانه‌یه ئه‌م وه‌رزه جیاوازه، سیروانی نوێ به رابه‌رایه‌تی رزگار عه‌لی راهێنه‌ر بارودۆخی خراپه، به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه كێشه‌ی هێرشبه‌ریان به گواستنه‌وه‌ی یاریزانێكی پیشه‌گه‌ری سووری چاره‌سه‌ر كردووه، له‌به‌رامبه‌ردا یانه‌ی كه‌ركووك به سه‌ركردایه‌تی داره‌وان قادری راهێنه‌ر ئاستیان تاڕاده‌یه‌ك جێگیره، سبه‌ش ده‌رفه‌تێكی باشیان بۆ گه‌ڕاوه‌نه‌وه بۆ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان له‌پێشه.
كه‌ركووك به كۆكردنه‌وه‌ی 12 خاڵ پله‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی گرتووه، سیروانی نوێش به 8 خاڵ له پله‌ی پێشكۆتایی دێت.