بە ڤیدیۆ ...كوردستان24 دیمەنی مەزارگەی نەبی یونس لە مووسڵ دەگوازێتەوە

لەگەڵ ھاتنی بۆ مووسڵ داعش مەزارگەی نەبی یونسی تەقاندەوە
kurdistan24.net

K24 – مووسڵ

مەزارگەی نەبی یونس یەكێكە لە مەزارگە پیرۆزەكانی موسڵمان و پێش ھاتنی داعش بۆ ناوچەكە ھاووڵاتیان بە رێژەیەكی بەرچاو بۆ نزا و پاڕانەوە و وەك شوێنێكی پیرۆز روویان تێدەكرد.

مەزارگەی نەبی یونس‌ دەكەوێتە بەری رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ، لە تەموزی ساڵی 2014، كاتێك داعش دەستی بەسەرمووسڵ داگرت مەزارگەكەی تەقاندەوە، جگە لە مەزارگەكە مزگەوتێكی گەورەشی تێدابوو، ئەویش لەوكاتەدا بەر تەقینەوەكە كەوتووە.

بە ڤیدیۆ مەزارگەی نەبی یونس 16 كانوونی دووەمی 2017

مێژووی مەزارگەی نەبی یونس دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 138 كۆچی، بە گرنگترین مەزارگەی ئایینی لە شاری مووسڵ هەژماردەكرێت، مێژووی منارەی مزگەوتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 1282 كۆچی.

یونس كوری مەتایە و سەرچاوە مێژوویەكان دەڵێن، مەتا ناوی دایكیەتی، چیرۆكی ھەموو كتێبە پیرۆزەكانیش باس لەوە دەكەن كە لەلایەن نەھەنگێكەوە قووتدراوە، ئارامگەكەشی لە مووسڵە.

چەكدارانی داعش جیاوازییان نەكرد لە تێكدان و تەقاندنەوە و وێرانكردنی شوێنە پیرۆزەكانی ئایینە جیاوازەكان، دوای لەنابردن و كاولكردنی شوێنەوارە مێژوویەكان و كلێسای مەسیحی و شوێنە پیرۆزەكانی كوردانی ئێزیدی، لە 24ی مانگی تەمموزی 2014، داعش مەزارگەی نەبی یونسی تەقاندەوە.

دوای دووساڵ و نیو، لە كوشتنی ژیان و نزیك نەبوونەوەی خەڵك لە مەزارگەكەی، پێدەچێت، بە گەیشتنی ھێزە عێراقییەكان بۆ نەبی یونس، ژیان بۆ خەڵك و ھامووشۆی ھاووڵاتیان بۆ مەزارگەكە دەست پێبكاتەوە.