به زبڵ و خاشاك خۆیان گه‌رمده‌كه‌نه‌وه
"تا ئێستا نه‌هامه‌تی له‌و شێوه له ناو په‌نابه‌راندا نه‌بینراوه"
K24 – هه‌ولێر:
رێكخراوی" منداڵان رزگاربكه‌ن" رایده‌گه‌یه‌نێت" رۆژانه سه‌دان په‌نابه‌ری نوێ كه له ناویاندا ژماره‌یه‌كی زۆری منداڵان هه‌ن، ده‌گه‌نه سربیا، هه‌ر چه‌نده ئه‌گه‌ری ئه‌وه زۆره ده‌بێت له‌و ده‌شته و له سه‌رمای ژێر پله‌ی سفردا بخه‌ون، جیا له‌وه‌ی راپۆرته‌كان ئاماژه به بوونی كرداری توندوتیژی له دژیان ده‌كه‌ن. هه‌ر بۆیه ئه‌و رێكخراوه ئه‌وروپییه داوای رێوشوێنی زیاتر و گونجاوتر و هاوكاری زیاتریان ده‌كات.
ئه‌و رێكخراوه له ماوه‌ی دوو مانگی رابردوودا 1600 منداڵی په‌نابه‌ری رزگاركردووه، كه له هه‌نگاریا و كرواتیاوه بهسێوهیهكی نایاسایی ناچاركراون بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سربیا، هه‌ر چه‌نده چووبوونه ناو سنووری ئه‌و وڵاتانه‌شه‌وه.
ئاژانسی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری په‌نابه‌ران له به‌یاننامه‌ی هه‌فتانه‌ی خۆیاندا ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردووه‌ته‌وه، به‌رده‌وام راپۆرتیان له‌سه‌ر ده‌ركردنی په‌نابه‌ران له وڵاتانی ناوچه‌ی بالكان پێده‌گات، كه په‌نابه‌رانیان ناچاركردووه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سربیا.
رێكخراوی "منداڵان رزگاربكه‌ن" رایگه‌یاندووه" به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه رۆژانه نزیكه‌ی 30 حاڵه‌تی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ناچاری دژی په‌نابه‌ران هه‌یه و له لایه‌ن رێكخراوه‌كانیشه‌وه ده‌خرێته‌ڕوو كه مافی پارێزگاری نێوده‌وڵه‌تی له‌و كه‌سانه سه‌نراوه‌ته‌وه.
جیما باركن گوته‌بێژی رێكخراوی منداڵان رزگاربكه‌ن ده‌ڵێت" ره‌وشه‌كه زۆر له‌وه خراپتره كه له‌ماوه‌ی كاركردنمدا له ناو كێشه‌كانی په‌نابه‌راندا رووبه‌ڕووی بوومه‌ته‌وه و بینیوومه، له‌و چه‌ند ساڵه‌ی پێشوودا ره‌وشی واخراپم نه‌دیووه، به‌راستی له خێوه‌تگای ناو جه‌نگه‌ڵه‌كه‌ی كالیه خراپتره، پیموایه ئه‌مه خراپترین قه‌یرانی مرۆییه له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا و سه‌رسنووره‌كانی ده‌یبینین، به‌ڕاستی ره‌وشه‌كه ناهه‌مواره.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" شه‌وانه پله‌ی گه‌رما ده‌گاته 15 پله ژێر سفر و به رۆژیش 12 پله‌ی ژێر سفر، سه‌رمایه‌كی كوشنده‌یه و به‌فرێكی زۆر باریووه، ته‌نانه‌ت پێت له‌ناو به‌فردا وون ده‌بێت، له كاتێكدا خه‌ڵكانێك ده‌بینم ته‌نها جۆره پێڵاوێكی وه‌رزشیان له پێدایه و په‌نجه‌كانیان به ده‌ره‌وه‌یه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه" منداڵی ته‌مه‌ن 8 ساڵان ده‌بینیت به ته‌نها له‌ناو ئه‌و كۆگا چۆڵه بێ فه‌رش و رایهخانهدا خه‌وتوون، نه په‌نجه‌ره‌یان پێوه‌یه و نه هیچ شتێك هه‌یه بۆ گه‌رمكردنه‌وه، ناچار ئه‌و خه‌ڵكانه زبڵ و خۆڵ و خاشاك ده‌سووتێنن، به‌و هۆیه‌شه‌وه دووكه‌ڵێكی ژه‌هراوی ته‌واوی ناوچه‌كه داده‌پۆشیت".
جیما باركن خێزانێكی عێراقی بینیووه كه ئه‌م به‌یانییه گه‌یشتوونه‌ته ناوچه‌ی (میكسالست) پاش ئه‌وه‌ی شاخه سه‌خته‌كانی بوڵگاریایان له شه‌ودا و به ناو به‌فردا بڕیبوو، منداڵه ته‌مه‌ن 8 ساڵه‌كه‌یان هێنده ماندووبووه، باوكی ناچاربووه زۆربه‌ی كاته‌كان له رێگه‌كه‌دا به كۆڵی خۆی هه‌ڵیبگرێت، دایكیشی ره‌وشی خراپه و پێویستی به پزیشكه.
ئه‌و گوته‌بێژه‌ی رێكخراوه‌كه ده‌ڵێت" ئه‌م خێزانه دوای ته‌قاندنه‌وه‌ی ماڵه‌كه‌یان ناچاربوون عێراق جێبهێڵن، به‌هۆی ده‌سه‌ڵات و تاوانه‌كانی داعش منداڵه‌كانیشیان نه‌یانتوانیووه له كاتی خۆیدا بخوێنن و بچنه قوتابخانه.
رێكخراوی پزیشكانی بێ‌سنوور هۆشداری ده‌ده‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن" وێستگه پیس و به‌ستووه‌كه‌ی هێڵی ئاسنینی به‌لگراد، كه 2000 كه‌س وه‌ك په‌ناگه‌یه‌ك له سه‌رمای توندی سربیا په‌نایان بۆهێناوه،به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وروپی ده‌ستیان لێبه‌رداون، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره شوێنه‌كه‌یان ببێته "كالیهیهكی نوێ".
له سربیا و به‌لگراد پله‌كانی گه‌رما تا 16 پله‌ی ژێر سفر داده‌به‌زێت، ئه‌و منداڵانه‌ی له‌و شوینهدان و ته‌مه‌نیان 8 ساڵی تێنه‌په‌ڕاندووه، به بێ ئاوی خاوێن و ئاوده‌ستخانه‌ی ته‌ندرووست، بۆ مانه‌وه‌یان له ژیان ده‌جه‌نگن".
له‌و نۆرینگه پزیشكیهی كۆمه‌ڵه‌یه‌كی خێرخوازی له به‌لگراد دایناوه" پزیشكه‌كان حاڵه‌تی نه‌خۆشی زۆر مه‌ترسیداریان بینیووه، چونكه په‌نابه‌ره‌كان بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه هه‌موو جۆره كه‌ره‌سته و كه‌لوپه‌لێك ده‌سوتێنن، ئه‌وه‌ش دووكه‌ڵی ژه‌هراوی درووست ده‌كات، هه‌روه‌ها سه‌رما خانه‌كانی پێستیانی تووشی نه‌خۆشی كردووه، جگه له ده‌یان نه‌خۆشی جۆراوجۆری دیكه.
پزیشكانی بێ‌سنوور وایدهخهمڵێنن نزیكه‌ی 2000 كه‌س له‌و په‌نابه‌رانه له باڵه‌خانه جیاوازه‌كانی ده‌وروبه‌ری هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ی به‌لگراد ده‌ژین، نێوه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌شی تا ئیستا چاره‌سه‌ركراون ته‌مه‌نیان له خوار 18 ساڵییه‌وه‌یه".
ئه‌ندریا كۆنتنتا یه‌كیك له به‌رپرسانی كاروباری مرۆیی رێكخراوی پزیشكانی بێسنوره له سربیا، ئه‌و هۆشداریداوه و ده‌ڵێت" سربیا خۆی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه ئه‌گه‌ر وڵاته‌كه‌ی بكاته شوێنی مۆڵدانی ئاواره و په‌ناهه‌نده‌كان، درووستبوونی خێوه‌تگای كالیهی نوێ له وڵات‌دا بۆ هه‌میشه نابێته رێگر له به‌رده‌م خه‌ڵكی و گلدانه‌وه‌یان".
سربیا به‌شیك نییه له یه‌كیتی ئه‌وروپا، به‌ڵام سنووری له‌گه‌ڵ زۆر وڵاتی ناو یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌یه، له‌وانه، هه‌نگاریا، بوڵگاریا و رۆمانیا، وه‌ك خاڵی سه‌ره‌كی په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه داده‌نرێت، كه به هیوای ده‌ستپێكردنی ژیانێكی نوێوه‌ن له رۆژئاوای كیشوه‌ره پیره‌كه‌دا.
یه‌كێتی ئه‌وروپا رێگه‌ی بالكانی له په‌نابه‌ره‌كان بڕیووه، ئیستا سربیا سه‌ره‌ڕای مامه‌ڵه‌ی ناخۆشی له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكه، به‌ڵام خاڵیكه به ناچاری په‌نابه‌ره‌كان ده‌بێت لیوه‌ی بپه‌ڕنه‌وه، خێوه‌تگاكانی پشكنین قه‌ره‌باڵغ بوون، رۆژانه خه‌ڵكێكی زیاتر ده‌گه‌ن، هه‌ر چه‌نده هیوادارن دواجار بتوانن سربیا جێبهێڵن، زۆرێك له‌و كه‌سانه چه‌ند مانگێك له سربیا ده‌مێننه‌وه، له‌وێوه هه‌وڵی په‌رینه‌وه ده‌ده‌ن، به‌ڵام زۆربه‌ی جاره‌كان هه‌وڵه‌كانیان شكست ده‌خوات، دووباره و چه‌ند باره‌ی ده‌كه‌نه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له كالیهی فه‌ره‌نسا په‌نابه‌ره‌كان بۆ چوونه بریتانیا ده‌یكه‌ن.
كۆنتینتا ده‌ڵێت" ناتوانین تا سه‌ر راستییه‌كان بشارینه‌وه و نهیانڵێین، چونكه به‌راستی رێگه‌ی بالكان تا ئیستا كراوه‌یه، كه‌چی ئه‌مانه لێره گیریانخواردووه، چونكه له رێگه‌یه‌كی ئارام ده‌گه‌رین بۆ ته‌واوكردنی گه‌شته‌كه‌یان، به‌گوێره‌ی ئاماره نافه‌رمییه‌كان نزیكه‌ی 8 هه‌زار په‌نابه‌ر له سربیا گیریانخواردووه".
له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌وه هه‌زاران له‌و په‌نابه‌رانه‌ی له خێوه‌تگا حكومییه‌كاندا كه‌وتوونه‌ته ره‌وشێكی ناهه‌موار و پڕمه‌ینه‌تی و سه‌خت، شه‌پۆلێكی سه‌ختی به‌فربارین و شه‌خته و به‌سته‌ڵه‌ك ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه و ژیانی زۆربه‌ی په‌نابه‌ره‌كانی خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه، رێكخراوی پزیشكانی بێ‌سنوور مۆڵه‌تی ئه‌وه‌ی وه‌رگرت ناو كه‌لاوه بێ جام و شووشه‌كان گه‌رمبكاته‌وه، ئه‌ویش به رێگه‌ی گرتنی په‌نجه‌ره و كه‌لێنه كراوه‌كانی كه‌لاوه‌كان بووه به نایلۆن".
گوته‌بێژی پزیشكانی بێ‌سنوور جیما گیلی رایگه‌یاندووه" پله‌ی گه‌رما له ده‌ره‌وه گه‌یشتووه‌ته 16 پله‌ی ژێر سفر، به‌و رێگه‌یه توانیمان پله‌ی گه‌رمای ژووره‌وه بكه‌ین به 1 پله ژێر سفر، له‌وێ ئاوده‌ستخانه و ئاوی خاوێنی خواردنه‌وه نییه و شوێنی خۆشتن تا ئێستا درووست نه‌كراوه و ده‌سه‌ڵاتدارانی سربیاش ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر نه‌داوه".
ئه‌و كۆگا چۆڵانه‌ی پشت وێستگه‌ی سه‌ره‌كی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كانی سربیا كه بوونه‌ته شوێنی كاتی مانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران، شوێنێكی پیس و پڕن له خۆڵ و خاشاك.یه‌كێك له په‌نابه‌ره‌كان نامه‌یه‌كی له‌سه‌ر دیواری یانه‌ی پێشووی كرێكاره‌كانی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كان نوسیووه و ده‌ڵێت" كه‌س ماڵه‌كه‌ی خۆی جێناهێڵیت له‌و كاته‌دا نه‌بێت كه ده‌بێته ده‌می نهههنگیك بۆ قوتدانی، نامه‌یه‌كی دیكه‌ش وه‌ك هاوارێك نوسراوه" ئیمه گیرمانخواردووه، تكایه له بیرمان مه‌كه‌ن".
هه‌وای ئه‌و شوێنه به دووكه‌ڵی ئاگری ده‌یان كۆڵه‌گه‌ی هێڵه ئاسنه‌كه پیس بووه، دڵۆپی ژه‌هری پێوه ده‌بینرێت، دووكه‌ڵ له په‌نجه‌ره بێ شووشهكانهوه ده‌چێته ژووره‌وه".
هه‌ندێك له په‌نابه‌ره‌كان خێوه‌تی بچووكیان له ناو باڵه‌خانه و كه‌لاوه‌كاندا هه‌ڵداوه، ده‌به‌ی پلاستیكی و خاشاك ئه‌و ناوه‌ی داپۆشیووه، هه‌ندێكیشیان تابلۆی دار و كتێبخانه‌ی به‌تاڵ و دارزاو و هه‌ندێكیان كۆنه ده‌رگایان بۆ ده‌ستنیشانكردنی سنووری شوێنی خه‌وتن و ژیانیان داناوه، تا ماڵی خۆیان له‌وی دیكه جیابكه‌نه‌وه".
شامیر خان گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 22 ساڵانه، خه‌ڵكی شاری سه‌دای پاكستانییه له‌سه‌ر سنووری ئه‌فغانستان، ده‌ڵێت" پێش ئه‌وه‌ی بێمه ئێره له وڵاته‌كه‌ی خۆم له بواری مافه‌كانی مرۆڤ كارم ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا شوێنم نییه بخه‌وم و خواردنی پێویستم ده‌ستناكه‌وێت".
پیته‌ر ڤان دێر ئهوڤێرایرت رێكخه‌ری ناوچه‌كانی رۆژئاوای بالكان له رێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت" حكومه‌تی سربیا له بنكه‌كانی پیشوازیكردن له په‌نابه‌ران پێشنیاری شوێنی مانه‌وه‌ی بۆ كۆچه‌ره‌كان كردووه، به‌ڵام خۆیان ره‌تیانكردووه‌ته‌وه بچنه ئه‌و شوێنانه، چونكه ده‌یانه‌وێت لێره بڕۆن".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی" سه‌ره‌ڕای ئه‌و ره‌وشه خراپه‌ی له هه‌ندێك له ناوه‌نده‌كانی په‌نابه‌ران هه‌یه، به‌ڵام خه‌ڵكی توانیویانه ده‌ستیان به‌و پێداویستیانه رابگات كه له سه‌رما ده‌یانپارێزێت، به‌ڵام له‌وانه‌یه په‌نابه‌ره‌كان له پێناو پاره و سیاسه‌ت به‌كاربهێنرێن".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت" ئه‌وانه به چه‌ند هۆكارێك ره‌تیده‌كه‌نه‌وه كه بگوازنه‌وه، به‌گوێره‌ی ئه‌و قسانه‌ی له په‌نابه‌رانه‌وه بیستوومه، هه‌ندێك له قاچاغچییه‌كان خۆیان گه‌یاندووه‌ته كۆمه‌ڵێك له‌و په‌نابه‌رانه و هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردوون و گوتوویانه" ئه‌گه‌ر بچنه ئه‌و ناوه‌نده یان ئه‌وی دیكه، ئیتر ناتوانن بڕۆن بۆ ئه‌وروپا".
هه‌روه‌ها روونیكردووه‌ته‌وه" هه‌ندێك چالاكوانی زۆر توندڕه‌و هه‌مان شت له‌گه‌ڵ په‌نابه‌ران ده‌كه‌ن و پێیانگوتوون( پێویسته لێره بمێننه‌وه و دواتر ئه‌وروپا ئاگادار بكه‌نه‌وه كه چه‌نده نههامهتیتان بینیووه لێره) به بۆچوونی من ئه‌و كه‌سانه به مه‌به‌ستی ده‌ستخستنی ده‌ستكه‌وتی سیاسی ئه‌و كارانه ده‌كه‌ن".
به‌ڵام په‌نابه‌ره‌كان هۆكاری زۆرتریان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌چنه خێوه‌تگا فه‌رمییه‌كانی په‌نابه‌ران، ده‌ڵێن ئه‌وانه داخراون و ته‌نها پێشوازی له خێزانه‌كان ده‌كه‌ن، ده‌شترسین دهرمانبكهنهوه بۆ بۆڵگاریا و مه‌كدۆنیا، شامیر خان ده‌ڵێت" كێشه و ده‌رده‌سه‌ری زۆرمان له بوڵگاریا بینیوه، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته و پۆلیسه‌كانیان كه‌وتینه كێشه‌ی زۆره‌وه، له‌وێ مافیا و چه‌ته‌ی لێیه و خه‌ڵكی ده‌ڕفێنن".
له‌كاتێكدا هه‌ر له‌م هه‌فته‌یه‌دا نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی خراپی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ په‌نابه‌راندا هۆشدارییدایه وڵاتانی ئه‌وروپا، چونكه له 5 په‌نابه‌ری كوژراو، سێ كه‌سیان له سه‌رمادا رهقببوونهوه و 2 له‌و كه‌سانه‌ش خه‌ڵكی شاری هه‌ولێری باشوری كوردستان بوون، به‌هۆی مامه‌ڵه‌ی خراپیان، بۆڵگاریا ناوبانگێكی خراپی له‌ناو په‌نابه‌ران و رێكخراوه‌كانی تایبه‌ت به مافه‌كانی مرۆڤدا هه‌یه، ئه‌وانه‌ی له سنووری وشكایی توركیاوه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌وێ، یان ئه‌وانه‌ی له وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپاوه گه‌ڕێنراوه‌نه‌ته‌وه بۆی، هه‌مان گله‌ییان هه‌یه. چونكه به‌گوێره‌ی په‌یماننامه‌ی دبلهن به‌ندێكی تێدایه و له‌سه‌ر داواكارانی مافی په‌نابه‌رێتی سه‌پاندووه، ده‌بێت تا وه‌ڵام وه‌رده‌گرنه‌وه، له وڵاتی یه‌كه‌مدا بمێننه‌وه ".
دانیێل سه‌لیمۆف به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆگرامی ستراتیژی لیبراڵی، كه ناوه‌ندێكی توێژینه‌وه‌یه و ئۆفیسه‌كه‌ی له سۆفیای پایته‌ختی بوڵگاریایه ده‌ڵێت" بوڵگاریا له سه‌ره‌تادا ناوی په‌نابه‌ره‌كان تۆمارده‌كات، ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه یه‌كه‌م وڵات كه پهنابهرهكهی بۆ هاتووه بوڵگاریایه، ئه‌گه‌ر چووه هه‌ر شوێنێكی دیكه، ده‌توانرێت به شێوه‌یه‌كی یاسایی بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ بوڵگاریا".
هه‌ر یه‌كه له هێزه ئه‌منییه فه‌رمییه‌كان و گرووپه چه‌ته و مافیاكانی كه كار و كرده‌وه‌ی وه‌حشیگه‌رانه ئه‌نجامده‌ده‌ن، بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه په‌نایان هێناوه‌ته به‌ر بوڵگاریا و داوای هاوكاریی و شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان لێده‌كه‌ن، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان كه بێكه‌س و لاوازن".