خشته‌ی یارییه‌كانی سبه‌ی خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ببینه
ره‌نگه ئه‌نجامی یارییه‌كان بارودۆخی هه‌ندێك له یانه‌كان له‌م وه‌رزه یه‌كلایی بكاته‌وه
له كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، 3 یاری به‌ڕێوه ده‌چن، پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت سبه‌ی گۆڕانكاری گه‌وره له ریزبه‌ندی كۆمه‌ڵه‌كه رووبدات، به‌وپێیه‌ی 4 یانه ده‌رفه‌تی گه‌یشتنیان به لوتكه له‌پێشه.
یانه‌ی هه‌ندرێن بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی یانه‌ی زاخۆ گه‌شتی بادینانی كردووه، هه‌ندرێن به 13 خاڵ و زاخۆ به 12 خاڵ له خانه‌كانی سێیه‌م و چواره‌م دێن.
له یارییه‌كی دیكه‌یشدا، یانه‌ی سیروانی نوێی شاری سلێمانی بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی شێروانه روویكردۆته گه‌رمیان، له ئه‌گه‌ری یه‌كسانبوون و شكست یانه كه‌لارییه‌كه له پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌وه بۆ خانه‌كانی خواره‌وه ده‌خزێت، له به‌رامبه‌ردا ئه‌م یارییه بۆ رزگار عه‌لی راهێنه‌ر سیروانی نوێ ره‌نگه دوایین ده‌رفه‌ت بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی تروسكایه‌ك بۆ بڕینی بلیتی قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێڕین.
یانه‌ی شێروانه به 13 خاڵ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می گرتووه، سیروانی نوێش به 9 خاڵ له خانه‌ی پێشكۆتایی دێت.
له یارییه‌كی دیكه‌یشدا، سبه‌ی هه‌ینی یانه‌ی گاره‌ی شاری دهۆك بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ئارارات به‌ره‌و به‌رزاییه‌كانی پیرمام سه‌رده‌كه‌وێت.
یانه‌ی گاره ئه‌م وه‌رزه جگه له خه‌ونی مانه‌وه هیچ ئومێدێكی دیكه‌ی نه‌ماوه و تاكه یانه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌یه كه هیچ سه‌ركه‌وتنێكی تۆمار نه‌كردووه و به 5 خاڵ له دوایین خانه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی دێت، له كاتێكدا یانه‌ی ئارارات خاوه‌نی 11 خاڵه و له خانه‌ی پێنجه‌م ده‌بینرێت و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی له پێشه به بردنه‌وه له‌م یارییه خۆی بگه‌یه‌نێته پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی.